رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، بڕیاری قەدەخەکردنی نووسینی راچێتەی پزیشکی بە دەستوخەت چووە بواری جێبەجێکردنەوە و پزیشکەکان پابەند دەکرێن بە بەکارهێنانی سیستمی ئەلیکترۆنی. دەشڵێت: "هەنگاوی داهاتوومان یەکخستنی نرخی دەرمان دەبێت."
دکتۆر سەڵاڵ گەرگەری، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە (1ی تشرینی یەکەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیاری قەدەخەکردنی راچێتەی پزیشک بە دەستوخەت بە فەرمی جێبەجێ کرا. نابێ چیدیکە پزیشکەکان بە دەستوخەت دەرمان بۆ نەخۆش بنووسن، بەڵکو دەبێت راچێتەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی (چاپکراو) بن."
دکتۆر سەڵاڵ گەرگەری راشیگەیاند: "سەندیکای پزیشکانی عێراق ئەرکی چاودێریکردنی ئەم بڕیارەی لە ئەستۆیە و هەر پزیشکێک سەرپێچی بکات، رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە".
سەبارەت بە پلانی داهاتووی لیژنەکە، دکتۆر سەڵاڵ گەرگەری گوتی: "دەست دەکەین بە رێکارەکانی یەکخستنی نرخی دەرمان لە نێو دەرمانخانەکاندا، بۆ ئەوەی لە هەموو دەرمانخانەیەک دەرمان بە هەمان نرخ و بە شێوەیەکی جێگیر بفرۆشرێت. پاش ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لیژنەکەمان، دەست دەکەین بە نووسینەوەی راسپاردە و رێکارەکان بۆ رێکخستنی نرخ."
ساڵانێکی زۆرە هاووڵاتییانی عێراق، گلەییان لە "راچێتەی کۆدکراو" هەبوو، کە تێیدا پزیشکەکان بە جۆرێک دەستوخەتیان بەکاردەهێنا کە تەنیا دەرمانخانە دیاریکراوەکان دەیانتوانی بیخوێننەوە، ئەمەش گومانی رێککەوتنی نهێنی و قۆرخکاری لە نێوان هەندێک پزیشک و دەرمانخانە دروست کردبوو.
.webp&w=3840&q=75)

