رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش لە رۆما رایگەیاند، عێراق لێکۆڵینەوەی لەگەڵ پێنج هەزار و 704 دەستبەسەرکراوی داعش تەواو کردووە کە لە سووریاوە گەڕێندراونەتەوە و ئێستا تۆمەتبارانی 62 وڵاتی جیاواز لە عێراق دادگایی دەکرێن.
قاسم عەبوودی، رۆژی پێنچشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی2026، لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "کۆبوونەوەکەی رۆما لە کاتێکی گرنگدا بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا عێراق و هاوپەیمانان لە قۆناخی سەربازییەوە دەچنە ناو قۆناخێکی نوێی هاوکاریی دوولایەنە". گوتیشی: "شانازی بە قوربانییانی وڵاتەکەم دەکەم کە لە هەموو پێکهاتەکان بوون و بەرەنگاری تیرۆر بوونەوە."
گەڕاندنەوەی خێزانەکان لە کەمپی هۆل
بەگوتەی قاسم عەبوودی، هاوکارییەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بووەتە هۆی گەڕاندنەوەی زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتیی عێراقی لە کەمپی هۆل و دووبارە تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە. راشیگەیاند: "عێراق لە قۆناخی سەرکەوتن بەسەر داعشەوە چووەتە قۆناخی رێگری لە گەڕانەوەی ئەو رێکخراوە و چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا".
دۆسیەی دەستبەسەرکراوانی داعش
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتی: "لە شوباتی 2026وە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان، عێراق ژمارەیەکی زۆر لە دەستبەسەرکراوانی داعشی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە وەرگرتووەتەوە.
گوتیشی: "دادگەی عێراق لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵ پێنج هەزار و 704 تۆمەتبار تەواو کردووە و داوا لە نێردە دیپلۆماسییەکان کراوە وڵاتینامەی هاووڵاتییەکانیان پشتڕاست بکەنەوە تاوەکو رەوانەی دادگە بکرێن."
قاسم عەبوودی جەختی کردەوە کە دادگەی عێراق خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە و متمانەی نێودەوڵەتیی هەیە، چونکە ئێستا بەرپرسیارێتی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی 62 وڵاتی پێسپێردراوە.
داوایشی لە وڵاتان کرد بەرپرسیارێتیی هاووڵاتییانی خۆیان هەڵبگرن و هاوکاریی لۆجیستیی عێراق بکەن بۆ باشترکردنی دۆخی زیندانەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.



