رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی سەرجەم پایەکانی سەروەریی خۆی بەسەر خاک، ئاسمان و ئاوە ناوچەیییەکانیدا تەواو کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق چووەتە ناو قۆناخــێکی نوێ لە سەروەری کە دەوڵەت دەیپارێزێت و یاسا گەرەنتیی دەکات.
عەلی فالح زەیدی، لە گوتارێکدا لە کۆنفرانسی (رۆژی سەروەری) کە لە بەغدا بەڕێوەچوو رایگەیاند، عێراق بەهۆی قوربانییەکانی رۆڵەکانییەوە یەکێک لە گەورەترین جەنگەکانی مێژووی تێپەڕاندووە و "سەروەری گوزارشت لە بڕیاری گەل و جەختکردنەوەیە لەسەر دەوڵەت و شکۆی، وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی کە هیچ جێگرەوەیەکی نییە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، عێراقییەکان لە تاقیکردنەوە سەختەکاندا سەرکەوتوو بوون و بڕیاری خۆیان بۆ پاراستنی سیستم و دەوڵەت دووپات کردەوە.
باسی لەوەش کرد، حکومەتەکەی رووبەڕووی گەندەڵی بووەتەوە کە تواناکانی وڵاتی دادەماڵی و بەهێزکردنی سەروەریی نیشتمانیی خستووەتە پێشینەی کارنامەی حکومەتەوە.
کشانەوەی هێزە بیانییەکان و پرسی پەکەکە
زەیدی روونی کردەوە کە سەروەریی عێراق لە چەند راستییەکی نیشتمانیدا بەرجەستە بووە، لەوانەش: کشانەوەی هێزە بیانییەکان و کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە تەواوی، رێککەوتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و ئەندامانی پەکەکە (حیزبی کرێکارانی کوردستان) و کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپە چەکدارە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق.
سەرۆکوەزیران جەختی لە گرنگیی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە بۆ بەهێزکردنی یەکپارچەیی بڕیاری ئەمنی و سەربازی. ئەو دووپاتی کردەوە کە "چیدیکە رێگە نادرێت هیچ ئۆپۆزیسیۆنێکی بیانیی چەکدار لەسەر خاکی عێراق بمێنێت و رێگەش نادرێت خاکی وڵات بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکان بەکار بهێندرێت."
کۆنتڕۆڵکردنی چەک و گەشەی ئابووری
زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت کار دەکات بۆ رێکخستنی دۆسیەی چەک بەپێی دەستوور و یاسا، تاوەکو گرووپە چەکدارەکان (فەسیلەکان) لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا تێکەڵ بکرێن. ستایشی ئەو گرووپانەشی کرد کە پابەندیی خۆیان بەم پرۆسەیە راگەیاندووە و داوای لەوانی دیکەش کرد هەمان رێگە بگرنە بەر.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکراشی کرد، دەستیان کردووە بە بونیاتنانی سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی نیشتمانیی گشتگیر.
لە رووی ئابووریشەوە، جەختی کردەوە کە چەسپاندنی سەروەری پێویستی بە ئابوورییەکی بەهێزە کە بتوانێت رووبەڕووی گۆڕانکارییە جیهانییەکان ببێتەوە، بۆیە حکومەت کار بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و پاراستنی سامانی نیشتمانی، بەتایبەت نەوت دەکات.
لە کۆتاییدا زەیدی گوتی، "عێراقییەکان بە ئیرادەی خۆیان بە ئامانجەکانیان گەیشتن و هیوای خواست عێراق ببێتە نموونەیەک لە سەروەریی یاسا، دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەمووان."


