رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا ئاگر لە کۆگەیەکى چەکی گرووپێکی چەکدار دەکەوێتەوە و دوای سێ کاژێر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
ئاگرەکە شەوی یەکی تشرینی یەکەمی 2026 لە کۆگەی گرووپی (سەرایا عاشوورا) کەوتووەتەوە کە لە ناوچەی جادرییەی بەغدا بووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵا لە بەغدا، کە لەبەر هەستیاریی پرسەکە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو ناوچەیەی ئاگرەکەی لێکەوتووەتەوە، ناوچەیەکی ئەمنیی تایبەت بە حەشدی شەعبییە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە دوورەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان داوە، بەوپێیەی ئەو ناوچەیە رێگەپێدراو نییە بۆ چوونەناوەوەی هیچ تیمێک بێ رەزامەندیی حەشدی شەعبی.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئاگرەکە لە کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنی کەوتووەتەوە کە سەر بە سەرایا عاشوورا بووە، بەڵام هۆکارەکەی نەزانراوە و دیاریکردنی پەیوەندی بە تیمەکانی بەڵگەى تاوانەوە هەیە.
تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانى حکومەتى عێراق قەبارەى زیانى ئەو ئاگرکەوتنەوەیە و وردەکارییەکەیان بڵاونەکردووەتەوە.
سەرایا عاشوورا یەکێکە لە گرووپەکانی نێو حەشدی شەعبی کە لە ساڵی 2014 دامەزراوە و سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە کە (هومام حەموودى) ئەمیندارى گشتییەتى.



.jpg&w=3840&q=75)
