رووداو دیجیتاڵ
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، چاوەڕوان دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی بنێردرێتە پەرلەمان و "ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان رەزامەندی لەسەر بدات، زوو ئاراستەی لیژنەکەمان دەکرێ بۆ خوێندنەوەی یەکەم. پاشان تێبینیی فراکسیۆنەکان وەردەگیرێ."
سەبارەت بە ئەگەری پەسندکردنی، مازن غەریب ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت: "ئەمە پەیوەستە بە بڕگەکانەوە. ئەگەر بڕگەکان وەک خۆیان مابنەوە، پێناچێت هەمووان رازی بن، چونکە لە رابردوودا هەندێک لایەن و ئەمریکاش ناڕەزایەتییان هەبوو. بەڵام بە هەموارکردنەوەی چەند خاڵێک، رەنگە لایەنەکان بگەنە رێککەوتن."
هاوکات محەممەد کەریم بەلداوی، گوتەبێژی فراکسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا پڕۆژە یاساکە نەگەیشتوەتە پەرلەمان، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بگات".
گوتەبێژەکەی فراکسیۆنی سادیقون گوتی: "دەبێ سەرەتا پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێ".
پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە 25ـی شوباتی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد و دواتر نێردرایە پەرلەمان بە مەبەستی پەسندکردنی.
پڕۆژە یاساکە لە 18 مادە پێکهاتووە و تێیدا حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق پێناسە کراوە و بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە.
ناڕەزایەتی بەرامبەر پڕۆژە یاساکە وایکرد دەنگی پێنەدرێ، بەڵام نازانرێ لە پڕۆژە یاسا نوێیەکەدا چی دەستکاری دەکرێ و چی دەمێنێت.

