رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای میسان ژنێکیان دەستگیر کرد کە گومانی ئەوەی لێدەکرێ بە هاوکاری کەسێکی دیکە منداڵەکەی خۆی کوشتبێت.
رووداوەکە لە قەزای قەلعە ساڵح سەر بە پارێزگای میسان رووی داوە. دوای ئەوەی شەوی هەینی، 2ـی تشرینی یەکەمی2026، هەواڵی گیانلەدەستدانی منداڵێک دەگاتە دەست پۆلیسی مەیسان و هەوالەکە راگەیێندرا، لایەنە ئەمنییەکان گومانیان لە هۆکاری مردنەکەی هەبوو.
دایکی منداڵەکە و کەسێکی دیکە کە هاوکاری بووە، لە سەرەتای لێکۆڵینەوەکاندا گوتویانە کە منداڵەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام دوای پشکنینی ورد و بەدواداچوونی مەیدانی، دەرکەوتووە کە ئەگەری زۆرە منداڵەکە کوژرابێت.
حوسێن عەلی مریانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان، رۆژی شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی2026، بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا دایکی منداڵەکە و تۆمەتبارەکەی دیکە دەستگیرکراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە".
حوسێن مریانی راشیگەیاند: "تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکراوە ئەو کەسەی هاوکاری ژنەکە بووە چی ئەو خێزانە و ژنەکەیە و لێکۆڵینەوەکان هەموو شت دەردەخەن".

