رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی ریازی سەر بە قەزای حەویجە لە پارێزگای کەرکووک، بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی ماڵان، 150 کەس تووشی سکچوون و رشانەوە بوون. پارێزگاری کەرکووک فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە "بەپەلە" لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە بکەن.
رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2026، سامان یابە، گوتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ چەند کەسێک لە ناحیەی ریاز لە حەویجە بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی ماڵان، تووشی سکچوون و رشانەوە بوون."
سەبارەت بە ژمارەی تووشبووان و دۆخی تەندروستییان، سامان یابە گوتی: "100 کەس بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ناوەندەکانی تەندروستی کراون و 50 کەسی دیکەش تووشبوون بەڵام لە ماڵەوە چارەسەریان وەرگرتووە."
ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی تەندروستیی سەرجەم تووشبووەکان باشە و "چارەسەری تەواوەتییان وەرگرتووە."
لەبارەی هۆکاری پیسبوونی ئاوەکە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک گوتی: "بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو ئاوەی کە دەگاتە ماڵان، مادەی کلۆری تێنەکراوە و ئەوەش هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە بووە."
لە کاردانەوەی ئەو رووداوەدا، محەممەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک فەرمانگەکانی تەندروستی، ئاو و سەرچاوەکانی ئاوی پارێزگاکەی راسپارد، بەپەلە راپۆرتێک لەبارەی تۆمارکردنی ئەو حاڵەتانەی سکچوون و رشانەوە لە ناحیەی ریاز پێشکەش بکەن.
بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگای کەرکووک، پارێزگار بڕیاریداوە بەڕێوەبەرانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لەژێر سەرپەرشتیی جیهان ئیبراهیم، جێگری پارێزگار بۆ کاروباری خزمەتگوزاری و گەشەپێدان، راپۆرتێکی ورد دەربارەی وردەکاری و هۆکارەکانی ئەو رووداوە ئامادە بکەن.
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پارێزگاری کەرکووک فەرمانی بە فەرمانگەی تەندروستی کردووە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی سەرجەم تووشبووەکان بکات و هەموو چاودێری و پێداویستییەکی تەندروستییان بۆ دابین بکات.

