رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێرزەویی عێراق دەڵێ، بەهۆی ئەوەی بڕی دەرهێنانی ئاو زیاترە لە کۆگاکردن و قەرەبووبوونەوە، ساڵانە ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە عێراق روو لە دابەزینە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە زیاتر لە 90 هەزار بیر لە عێراق هەن.
رۆژی یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026، مەیسەم عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی ژێرزەویی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆخی ئاوی ژێرزەوی پەیوەستە بە رووبەری زەوییە چێندراوەکانەوە. ئێستا چوار ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی لە عێراق پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن، دەرهێنانی ئاو بەردەوامە و قەرەبووبوونەوەیشی کەمە."
مەیسەم عەلی روونیکردەوە کە وەرزی بارانبارینی رابردوو هەندێک ناوچەی قەرەبوو کردەوە، بەتایبەت ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی عێراق، لەگەڵ دەوروبەری موسڵ، کەرکووک و سەلاحەدین، بەڵام لە بیابانی رۆژئاوا و باشوور (ئەنبار، کەربەلا، نەجەف و موسەننا) کە کۆگاکانی ئاویان زۆر قووڵە، باران کاریگەریی ئەوتۆی نەبووە.
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی گوتی: "دەرهێنانی ئاو زیاترە لەوەی دەچێتە نێو کۆگاکان، بۆیە دابەزینێکی رێژەیی ساڵانە لە ئاستی ئاوی ژێرزەویدا هەیە. لە هەندێک ناوچە ئاستی ئاو ساڵانە 10 سانتیمەتر و هەندێک ناوچەش نیو مەتر دادەبەزێ، ئەوەش پەیوەستە بە چڕیی بیرەکان و بڕی راکێشانی ئاو."
سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان، مەیسەم عەلی دەڵێت، "زۆربەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان دێمن و لەسەر هێڵی بارانبارینن، بۆیە پەستانیان لەسەر ئاوی ژێرزەوی کەمترە. لە سلێمانی کانیاوی زۆر هەیە و زەوییەکانیشی دێمن، دهۆکیش بە هەمان شێوەیە."
لەبارەی پارێزگای هەولێریش گوتی: "پێشتر هەولێر و دەوروبەری لە دابینکردنی ئاوی ماڵاندا پشتیان بە ئاوی ژێرزەوی دەبەست و لە چەند ساڵی رابردوودا دابەزینێکی روون لە ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر و ناوچەکانی هاوسنووری موسڵ روویدا، بەڵام راکێشانی بۆریی ئاوی زێ بۆ شاری هەولێر، بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی کەمکردووەتەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد کە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای تووندیان بۆ رێگری لە بیری بێ مۆڵەت و ئامێرەکانی هەڵکەندنی بیر دەرکردووە، هاوکات پڕۆژەکانی ئاوی سەر زەوی دەبنەهۆی ئەوەی "لە ساڵانی داهاتوودا ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر زیادبێت و پێشبینیی زیادبوونەوەی ئاستی ئاوەکە دەکەین."
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی عێراق رایگەیاند، بۆ پاراستنی کۆگاکانی ئاو پلانێکیان داناوە بۆ ئەوەی رووبەری ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی لە بیابانی رۆژئاوا و باشوور پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن کەمبکەنەوە، چونکە بە گوتەی ئەو، "دەبێت ئاوی ژێرزەوی وەک سەرچاوەیەکی فریاگوزاری لە کاتی تەنگانەدا پارێزگاری لێبکرێت، نەوەک وەک سەرچاوەیەکی بەردەوام بەفیڕۆ بدرێت."
سەبارەت بە ژمارەی گشتیی بیرەکان، مەیسەم عەلی گوتی: "لە پارێزگاکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) زیاتر لە 90 هەزار بیری تۆمارکراوی کشتوکاڵی، پیشەسازی و ماڵان هەن."
.jpg&w=3840&q=75)