رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، دیاریکردنی 30ـی حوزەیرانی 2027 وەک وادەی کۆتایی بۆ کۆکردنەوەی چەکی دەستی گرووپەکان هیچ پەیوەندییەکی بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبییەوە لە پەرلەمان نییە.
رۆژی 4ی تشرینی یەکەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەبارەت بە دەنگۆی بەستنەوەی کاتی کۆکردنەوەی چەک بە دەنگدان بە پرۆژە یاسای حەشدی شەعبییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند کراوە و بۆ پەرلەمان بەرزکراوەتەوە و لە ماوەی داهاتوودا تاوتوێ دەکرێت. ئەم پڕۆژەیاسایە بە هیچ جۆرێک پەیوەندیی بە دۆسیەی کۆکردنەوەی چەکی گرووپەکان تاوەکو 30ـی حوزەیران نییە."
پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە 18 مادە پێکهاتووە و تێیدا حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق پێناسە کراوە و بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە. دەنگۆی ئەوە هەبوو کە گرووپەکان دەیانەوێ سەرەتا ئەو پڕۆژە یاسایە پەسند بکرێ.
بۆچی 30ـی حوزەیرانی 2027 دیاریکراوە؟
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە هۆکاری دیاریکردنی ئەو وادەیە بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی کۆکردنەوەی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، سەباح نوعمان گوتی: "ئەمە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتندا هاتووە. لیژنەیەک لەوبارەیەوە پێکهێنراوە، بەپێی دیدگە و بڕوای لیژنەکە و بە رێککەوتن لەگەڵ برایانی نێو گرووپەکان گەیشتنە ئەم خشتە و وادە دیاریکراوە."
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکان ئەرێنین و روونیکردەوە: "تاوەکو ئێستا دوو گرووپ پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان راگەیاندووە و بە هیچ شێوازێک دەستیان بۆ ئەنجامدانی هیچ ئۆپەراسیۆنێک نەبردووە، هاوکات پێشوازییان لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیان کردووە، ئەمەش راستگۆیی حکومەت و هاوپەیمانانی لەم دۆسیەیەدا سەلماند."
سەباح نوعمان ناوی گرووپەکانی بۆ رووداو ئاشکرا کرد و گوتی: "هەردوو گرووپی (ئەنساروڵڵا ئەوفیاء و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا) دەستبەرداری کاری سەربازی بوون و رایانگەیاندووە کە لەمەودوا بە تەواوی لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا کار دەکەن."
ئەمە لەکاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا هەریەکە لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا و ئەسحابولکەهف رەتیان کردووەتەوە چەکەکانیان رادەست بکەن.
