رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوون دەڵێت، ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر بەربژێرانی پۆستە بەتاڵەکان دەدرێ. بەرپرسێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساش رایگەیاند، یاسر مالیکی تاکە بەربژێری هاوپەیمانیەتییەکەیانە بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق.
محەممەد بەلداوی، سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوون لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە (4ی تشرینی یەکەمی 2026)، بە رووداوی راگەیاند: "لایەنە سیاسییەکان گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی کە تاوەکو ئێستا بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، پێشبینی دەکەین رۆژی دووشەممە یان سێشەممە پەرلەمان کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر تەواوکردنی کابینەکە بدات."
محەممەد بەلداوی راشیگەیاند: "سەرۆکوەزیران و لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە چارەسەرکردنی ئەو بەربەستانەی کە لەلایەن (لایەنی نێودەوڵەتی) ئەمریکا لەبەردەم وەرگرتنی پۆست لەلایەن هەندێک کەسایەتییەوە هەبوون. چیدی هیچ ڤیتۆیەکی دەرەکی لەبەردەم تەواوکردنی کابینەکەدا نەماوە."
سەرۆکی فراکسیۆنی سادقون (باڵی سیاسیی عەسائیب ئەهلی حەق) ئاشکرای کرد، کاندیدی ئەوان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران لەیس خەزعەلییە، کە بە گوتەی ئەو "خاوەن ئەزموون و لێهاتووییە بۆ سەرخستنی کارەکانی حکومەت."
لەیس خەزعەلی، برای قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە، ئەمریکا خستبوونییە نێو لیستی تیرۆرەوە.
ئاڤێستا مام یەحیا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە رووداوی گوت: "ئێمە بەربژێری خۆمان بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، رێباز حەملانە و نەگۆڕاوە، سەرکردایەتی پارتی ناوی دوو بەربژێری دیکەیان دیاری کردووە، بەڵام جارێ ئاشکرای ناکەین".
ئاڤێستا مام یەحیا گوتیشی: "رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی ئەو زانیارییانەیەی پێمان گەیشتووە پۆستە بەتاڵەکان یەکلا دەبنەوە".
رێباز حەملان، لە کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ماوەیەک وەزیری دارایی بوو، لە کابینەی نۆیەمیشدا پۆستی یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی بۆ کاروباری دارایی و ئابووریی وەرگرت.
هەروەها یەکێک بوو لەو بەربژێرانەی وەزارەتەکان لە دەنگداندا رەتکرانەوە و متمانەیان وەرنەگرت.
هاوکات سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقووق لە پەرلەمان بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بوونی مشتومڕ لەسەر بەربژیری پێشووی وەزارەتی ناوخۆ (قاسم عەتا)، ئێستا هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا (یاسر مالیکی) بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە."
قاسم عەتا، بەربژێری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بوو بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەڵام لە رۆژی متمانەدان بە حکومەت لە پەرلەمان نەخرایە دەنگدانەوە.
عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "تاکە بەربژێری دەوڵەتی یاسا بە جێگیری دەمێنێتەوە و لەسەر مێزی سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ وەزارەتی ناوخۆ یاسر مالیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسای پەرلەمانە".
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دکتۆر حەیدەر بەها ساحب، راگری کۆلێژی دەرمانسازیی زانکۆی (نەهرێن)ـیان بەربژێر کردووە بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق.
ئەو 9 وەزارەتەی کە تاوەکو ئێستا دەنگیان لەسەر نەدراوە بریتین لە: ناوخۆ، بەرگری، کار، کۆچ و کۆچبەران، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پلاندانان، رۆشنبیری، خوێندنی باڵا، لاوان و وەرزش.
پەرلەمانی عێراق لە 14ی ئایاری رابردوو متمانەی بە 14 وەزیری کابینەکەی عەلی فالح زەیدی دا، بەڵام بەهۆی ململانێی سیاسی و مەرجەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، 9 وەزارەت بە هەڵپەسێردراوی مانەوە.
واشنتن لە رێگەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە مەرجی قورسی خستبووە سەر عێراق بۆ دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی کە لە گرووپە چەکدارەکانەوە نزیکن، هەروەها هەڕەشەی سەپاندنی سزای کردبوو ئەگەر هەژموونی ئێران بەسەر حکومەتی نوێوە بەردەوام بێت.

