رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەوانەی سووکایەتییان بە ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، دەستگیرکران و رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.
یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمانی عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو کەسانەیان دەستگیرکرد، کە لە بەغدا سووکایەتییان بە ئاڵای ئەمریکا کردبوو.
رووداوەکە، لە یەکێک لە نمایشەکان لە چوارچێوەی چالاکییەکانی "رۆژی سەروەری" روویدابوو. سەباح نوعمان گوتی، هەر کەسێک لەو کارە تێوەگلابێت، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و رێکاری یاسایی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر، بە شێوەیەک کە لەگەڵ یاساکانی عێراق و نۆرمە دیپلۆماسییەکاندا بگونجێت.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق، رێزگرتن لە سیمبولی وڵاتان و نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی دۆستی لە عێراق بە ئەرکێکی یاسایی و دیپلۆماسی دەزانێت و هەر جۆرە سەرپێچی و سووکایەتییەک لەمبارەیەوە، سزای یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
رۆژی 30ـی ئەیلوولی رابردوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەک (رۆژی سەروەری) راگەیێندرا، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، بەو بۆنەیەوە چەندین چالاکی و نمایشی سەربازی لە بەغدا و پارێزگاکان بەڕێوەچوون. لە یەکێک لە چالاکییەکاندا هەمەرێکی سەربازیی حەشدی شەعبی بەسەر ئاڵای ئەمریکادا دەڕوات وەکو سووکایەتییەک بە وڵاتەکە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026 گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاندبوو: "سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ فەرمانیدا بە پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکار و وردەکاریی ئەو پێشێلکارییەی کە لە یەکێک لە نمایشەکاندا لە کاتی چالاکییەکانی (رۆژی سەروەری) بەرامبەر بە ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا روویدا."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی گوتیشی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی داوە بە گرتنەبەری سەرجەم رێکارە یاساییە پێویستەکان بەرامبەر بە سەرپێچیکاران و بکەرانی ئەو کارە، هەروەها جەختی کردووەتەوە کە دەبێت لە زووترین کاتدا پرۆسەی لێکۆڵینەوە تەواو بکرێت و دەرەنجامەکانی بەرزبکرێنەوە.


