رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا لە قەزای خورماتوو، بەهۆی لێدانی سروودی نیشتمانیی "ئەی رەقیب" و هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان لەلایەن قوتابییانەوە، قایمقامی قەزاکە سکاڵای یاسایی لەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی بنەڕەتی تۆمار دەکات.
رووداوەکە لە قوتابخانەی "مەولەوی" لە قەزای دوزخورماتوو روویداوە. مامۆستا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە خورماتوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قایمقامی خورماتوو بە راشکاوی بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی گوتووە کە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکات، هاوکات بەڕێوەبەری پەروەردەی عەرەبیش ئاگاداری کردووەتەوە کە دەبێت سبەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بکات بۆ لێپرسینەوە."
مامۆستا زەینەب عادل، بەڕێوەبەری قوتابخانەی مەولەوی لە خورماتوو کە خۆی لە پێکهاتەی تورکمانە، بە رووداوی گوت: "جێگرەکەی من کە کوردە سروودی نیشتمانیی لێداوە، ئەوەش کارێکی نایاسایی نەبووە و بەپێی دەستوور مافی خۆیەتی. قوتابییەکانیش خۆیان بە دەستی خۆیان ئاڵای کوردستانیان هێنابوو و ئێمە لەسەر بیناکە هەڵماننەکردبوو، لە کاتێکدا ئاڵای عێراقیش لە قوتابخانەکە هەبوو."
بەڕێوەبەری قوتابخانەی مەولەوی گوتیشی: "ئێمە لە خورماتوو جیاوازی لەنێوان نەتەوەکاندا ناکەین، قوتابخانە شوێنی جیاکاریی نەتەوەیی نییە، بەڵکو شوێنی پەروەردەیە."
زەینەب عادل لەبارەی هەڵوێستی قایمقامەوە گوتی: "کاتێک قایمقام هات، گوێی لە سروودی کوردی بوو، تەنانەت چاوەڕێشی نەکرد سروودەکە تەواو ببێت یان بیگۆڕین؛ دەستبەجێ گوتی 'ئەمە قبووڵکراو نییە' و قوتابخانەکەی جێهێشت."
سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەری، زەینەب عادل گوتی: "هیچ ترسم لەو سکاڵایە نییە، سبەی دەچمە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بۆ هەر لێپرسینەوە و رێکارێکی یاسایی ئامادەم."
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو لە سنووری قەزای خورماتوو، سەرجەم بەڕێوەبەری سەرجەم قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی، لە پێکهاتەی عەرەب یان تورکمانن.

