رووداو دیجیتاڵ
باقر جەبر زوبەیدی، وەزیری پێشووتری ناوخۆ و دارایی عێراق لە گوتارێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە هەوڵی ئەمریکا دەکەن بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە نێو سوپای عێراقدا و رایدەگەیێنێت، ئەزموون و مێژووی پێشمەرگە بە تەواوی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) جیاوازە و دەڵێت: "نابێت دژایەتیی پێشمەرگە بکرێت، بەڵکو دەبێت وەک قەڵغانی عێراق سوودی لێوەربگیرێت."
باقر جەبر زوبەیدی لە وتارێکدا کە رۆژی چوارشەممە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بە ناونیشانی "لە نێوان پێشمەرگە و هەسەدەدا..." بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت، هەندێک راپۆرت باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا لە رێگەی نێردەکەیەوە (تۆم باراک) دەیەوێت ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان لە عێراق دووبارە بکاتەوە بە هەڵوەشاندنەوە و تێکەڵکردنی پێشمەرگە لە سوپای عێراقدا.
وەزیری پێشووتری ناوخۆی عێراق، بە پشتبەستن بە پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانەوە، پێیوایە بەراوردکردنی پێشمەرگە بە هەسەدە "هەڵەیەکی گەورەیە".
زوبەیدی دەڵێت: "مێژووی پێشمەرگە زۆر لە هەسەدە دێرینترە و شێوازی دروستبوونیشیان جیاوازە؛ پێشمەرگە هێندەی هێزێکی جەماوەری و میللییە کە لە هەموو ماڵێکی کوردەوە سەرچاوەی گرتووە، هێزێکی سەربازیی رەها نییە، وەک هەسەدەش نییە کە لەسەر داوا و فەرمانی ئەمریکا دروستبووبێت."
ئەو سەرکردە سیاسییەی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێشمەرگە باوکێکی رۆحیی هەیە کە جێگەی رێزی هەموو کورد و عێراقییەکانە، ئەویش "مەلا مستەفا بارزانی"ـیە، کە تاوەکو ئێستاش کاریگەرییەکەی بەسەر تەواوی ناوچەکەوە دیارە؛ دەشڵێت: "خوالێخۆشبوو مام جەلال تاڵەبانی لە هەموو دیدار و سەردانەکانماندا هەمیشە جەختی لەسەر رۆڵی مێژوویی مەلا مستەفا بارزانی دەکردەوە."
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا باقر جەبر زوبەیدی تیشک دەخاتە سەر پێگەی یاسایی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان و دەنووسێت: "باکووری نیشتمان (هەرێمی کوردستان) ماوەیەکی درێژە نیمچە سەربەخۆیی لە چنگ رژێمی بەعس دەرهێناوە و خاوەنی دانپێدانان و پێشوازییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتییە، لە کاتێکدا هەسەدە سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوان لە سووریا، نەیتوانیوە قەوارەیەکی هاوشێوە دروستبکات."
لە کۆتاییدا، وەزیری پێشووتری ناوخۆی عێراق هۆشداری دەدات لەوەی دەستکاریی تایبەتمەندیی پێشمەرگە بکرێت و دەڵێت: "تایبەتمەندیی پێشمەرگە پێویستە سوودی لێوەربگیرێت نەک دژایەتیی بکرێت، دەبێت ئەم هێزە کوردییە نیشتمانییە ببێتە قەڵغانی پتەوی عێراق لە رێگەی دیالۆگ، هاوئاهەنگی و پەیوەستکردنی بە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە."


