رووداو دیجیتاڵ
لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـی عێراقدا، سێ ماددەی سەرەکیی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، کە رادەستکردنی 100٪ـی داهات، 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، دەستەواژەی "خەرجیی راستەقینە" و رێژەی 12.67٪ لەخۆدەگرن، وەک خۆیان هێڵدراونەتەوە؛ پەرلەمانتارانی کوردیش دەڵێن ئەمانە بیانوون و هەوڵی گۆڕینیان دەدەن.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى رووداو لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەدواداچوونى هەندێک لە پەرلەمانتاران دەستى کەوتووە، بەشێک لە بڕگەکانى یاساى بودجەى گشتى 2023 بۆ 2025 لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستانەوە وەک خۆى لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى 2027 داندراونەتەوە.
ناوەڕۆکى ماددەکانى 11 و 12 و 13ى یاساى بودجەى گشتى 2023 بۆ 2025 کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى 2027 داندراونەتەوە کە تایبەتن بە شێوازى خەرجکردنى پشکەکە و هەناردەى نەوت و وردبینى لە داهات و مووچە.
یەکێکى دیکە لەو بڕگانەى کە وەک خۆى ماوەتەوە، دەستەواژەى خەرجى راستەقینەیە بۆ جیاکردنەوەى پشکى هەرێمى کوردستان کە پێشتر هەولێر تێبینى لە بارەیانەوە هەبوو.
شێروان دووبەردانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو ماددانەى داندراونەتەوە کۆتایى نییە، ئەگەرى گۆڕانکارى لە پڕۆژە یاساکەدا هەیە لە ئەنجوومەنى وەزیران بۆ راستکردنەوەى ئەو پرسانەى پەیوەندیدارن بە پشکى هەرێمى کوردستانەوە.
پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەى گشتیى عێراق لەدواى جیاکردنەوەى خەرجى سەروەرى و حاکیمە دەبێت، لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى 2027دا تەنیا خەرجى سەروەرى 106 بەشە، کە نزیکەى 50 تریلیۆن دینار دەبێت لەکاتێکدا قەبارەى پڕۆژە یاساکە نزیکەى 218 تریلیۆن دینار دەبێت.
یەکێک لەو خاڵانەى دیکە کە جێگەى تێبینى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، رێژەى جیاکردنەوەى پشکەکەیەتى کە بەگوێرەى سەرژمێرى گشتى دانیشتووان دەبێت 14.14% بێت، بەڵام لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى 2027 رێژەکە وەک خۆى و بە 12.67% داندراوەتەوە.
وەزارەتى دارایى فیدراڵ لە 27ى ئەیلوول راىگەیاند کە لە ئەنجوومەنى وەزارى ئابووریەوە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى 2027 نێردراوە بۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق.
ئومێد بەروارى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەندێک لەو بڕگانەى کە پەیوەندیدارن بە پشکى هەرێمى کوردستانەوە لە ئەنجوومەنى وەزیران گۆڕانکارییان تێدا کراوە، بەڵام دیارنییە ئەو گۆڕانکارییانە چى بوون.
یەکێک لەو پرسانەى دیکە کە لە پڕۆژە یاسای بودجەى گشتى 2027 وەک خۆى هەڵدراوەتەوە رادەستکردنى 100٪ى داهاتى هەرێمى کوردستانە لە کاتێکدا هەولێر رادەستکردنى 50%ى داهاتەکەى بە شایستەى بەغدا دەزانێت.
سێشەممە 6ى تشرینى یەکەمى 2026 ، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق میواندارى فالح سارى، وەزیرى دارایی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى وردەکارى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى 2027 .
لەدواى کۆتاییهاتنى کۆبوونەوەکە رێبوار کەریم، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى رێژە و پابەندییەکانى پشکى هەرێمى کوردستان وەک پێشوو هێڵدراونەتەوە و لە هەندێک شوێندا پشکەکەى کەم کراوەتەوە و رێژەکەشى بە 12.7% ماوەتەوە و گومرگ و داهاتى ناوخۆ لەسەر داهاتى فیدراڵى هەژمار کراوە.
حکومەتى هەرێمى کوردستان داوا دەکات بەگوێرەى یاسای و دەستوور و بڕیارەکانى دادکەى باڵاى فیداڵى پشکەکەى لە بودجە و پارەى مووچە دیاری بکرێت.
دانەر عەبدولغەفار، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە کۆنفراسێکى رۆژنامەڤانیدا راگەیاند، هێشتا کێشە لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان هەیە و رێککەوتنى کۆتایی نەکراوە و داوایان کردووە مەرجى بیانووگێرى لەسەر هەرێمى کوردستان دانەنرێت کە واى لێ بکەن نەتوانێت جێبەجێیان بکات، لەوانە سەپاندنى بەرهەمهێنانى 400 هەزار بەرمیل نەوت، کە ئەوە بیانووگرتنە و هەرێمى کوردستان ناتوانێت ئەو بڕە نەوتە بەرهەم بهێنێت.
پڕۆژەیاسا بودجەى گشتى 2027 پێویستى بەوەیە لە ئەنجووەمەنى وەزیرانى عێراق تاوتوێ و پەسند بکرێت و دواتر رەوانەى پەرلەمان بکرێت بۆ پەسندکردنى، لە هەردوو وێستگەکە دەکرێت گۆڕانکارى لە پڕۆژەکەدا بکرێت.
سیپان شێروانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى لە وەڵامى پرسیارێکى پەیامنێرى رووداو لە بەغدا گوتى: "گەورەترین چەکى دەستى ئێمە بۆ راستکردنەوەى ئەو هەموو ناحەقییەی لە بەرامبەر بە خەڵکى کوردستان کراوە، لەگەڵ گەرەنتیکردنى مووچە و شایستەکانى دیکە، ئەوەیە لێرە یەکدەنگ بین و وەک پێکهاتە مامەڵە بکەین، نەک وەک پارتى سیاسى".
.jpg&w=3840&q=75)

