رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا لە شاری ئیستەنبووڵ کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، پەیوەندییەکانی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دۆخی ئابووری و گۆڕانکارییەکانی بەهای دیناری عێراقی تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان بوون.
لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە: "هەردوولا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکایان کرد لە قۆناخی ئێستا، بەتایبەت لە ژێر رۆشنایی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و ئاسۆی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە قۆناخی داهاتوودا."
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق و نێردەکەی سەرۆکی ئەمریکا، تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە. بەپێی راگەیێندراوەکە، "گفتوگۆ لەبارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچەکە، ململانێ بەردەوامەکان و لێکەوتەکانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە کرا."
هاوکات، پرسی دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی خراونەتە بەر باس.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەردوولا جەختیان لەسەر "گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی، راوێژکاری و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەش کردووەتەوە، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پرسە جێی بایەخەکانی هەردوولا."
