رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێ، تەنیا لە مانگی ئەیلوولدا 829 بەرپرس و فەرمانبەری باڵا فۆرمی ئەستۆپاکی داراییان پڕکردووەتەوە. ئاشکراشی کرد، 16 حاڵەتی "بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان"یان دۆزیوەتەوە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند: "لە چوارچێوەی هەڵمەتی چاودێریکردنی سامانی بەرپرسان، لە مانگی ئەیلوول، 829 کەس کە بەپێی یاسا پابەندن بە ئاشکراکردنی داراییەکانیان، فۆرمی ئەستۆپاکی (کشف الذمة المالية)یان پێشکێش کردووە".
دەستەی دەستپاکیی عێراق گوتی: "تیمەکانمان 178 گەڕانی مەیدانییان بۆ وردبینیکردن لە راستیی ئەو زانیارییانە کردووە کە لە فۆرمەکاندا نووسراون، لەو ماوەیەدا 16 دۆسیەیان بینیوە کە بەرژەوەندی گشتی بۆ کەسی بەکارهێنراوە و کاری فەرمانبەرەکە لەگەڵ ئەرکە گشتییەکەیدا یەکی نەگرتووەتەوە".
بەپێی یاسای دەستەی دەستپاکی لە عێراق، سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، وەزیرەکان، ئەندامانی پەرلەمان و پلەباڵاکانی دەوڵەت پابەندن بەوەی ساڵانە لیستی سامان و موڵک و ماڵەکانی خۆیان و هاوژین و منداڵەکانیان پێشکێشی دەستەی دەستپاکی بکەن.
ئامانج لەم هەنگاوە رێگریکردنە لە کەڵەکەبوونی نایاسایی سامان و بەکارهێنانی پۆست بۆ قازانجی تایبەت.
هەر بەرپرسێک زانیاریی نادروست بدات یان سامانەکەی بە شێوەیەکی گوماناوی زیادی کردبێت، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)

