رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین راپۆرتی دەستەی ئاماری عێراق، بەهۆی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی پشکی ئاو، زەوییە بیابانبووەکانی وڵاتەکە بە رێژەی 48.5% زیادیان کردووە و ئێستا زیاتر لە 23%ـی تەواوی رووبەری عێراقیان گرتووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی بەشی ئامارە ژینگەییەکان لە دەستەی ئامار و سیستمی زانیارییەکانی عێراق سەر بە وەزارەتی پلاندانان، کەمبوونەوەی پشکی ئاوی پارێزگاکان بووەتە هۆی پاشەکشەی بەرچاو لە رووبەری ئەو زەوییانەی بە شێوازی ئاودێری دەچێنرێن.
هەڵکشانی بیابانبوون؛ زیاتر لە 55%ـی خاکی عێراق لەژێر هەڕەشەدایە
ئامارە فەرمییەکان مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی لەسەر ئاستی عێراق دەخەنەڕوو کە رووبەری ئەو زەوییانەی بە تەواوی بوونەتە بیابان گەیشتووەتە 40.4 ملیۆن دۆنم، کە دەکاتە 23.2%ـی کۆی رووبەری عێراق. ئەم رووبەرە بەراورد بە ساڵی 2021 (کە 27.2 ملیۆن دۆنم بوو) 48.5% هەڵکشاوە.
هەروەها رووبەری ئەو زەوییانەی مەترسیی بیابانبوونیان لەسەرە، گەیشتووەتە 96.5 ملیۆن دۆنم، کە دەکاتە 55.5%ـی خاکی وڵاتەکە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2021، 2.3% بەرزبووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرباری زیادبوونی رووبەری گشتیی بیابانبوون، بەڵام لە هەندێک ناوچە بەهۆی فراوانبوونی بیناسازی و ئاوەدانی، بەتایبەت لە بەغدای پایتەخت، پاشەکشە لە رووبەری زەوییە بیابانییەکاندا تۆمارکراوە.

