رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، دەستیان بەسەر بەڵگەنامەی حەوت خانووی نوێدا گرتووە کە بە ناوی هاوژین و کەسوکاری بەڕێوەبەری پێشووی ژمێریاریی پارێزگای سەلاحەدینەوە تۆمارکراون؛ کە پێشتریش دوو ملیار و نیو دینار لە ماڵەکەیدا دەستی بەسەردا گیرابوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "تیمێکی لێکۆڵینەوە بە فەرمانی دادوەر چوونەتە نێو ماڵی تۆمەتبارەکە لە قەزای عەلەم. تۆمەتبارەکە پێشتر بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاری بووە لە دیوانی پارێزگای سەلاحەدین و ئێستا بەندکراوە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە پشکنینە نوێیەکەدا دەست بەسەر دۆسیەی سێ خانوودا گیراوە لەنێو کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکاندا (کە دووانیان بە ناوی هاوژینەکەی و یەکێکیان بە ناوی خۆیەوەیە)، هەروەها چوار موڵکی دیکەش دۆزراونەتەوە کە بە ناوی هاوژینی، برای هاوژینی و یەکێک لە کوڕەکانییەوە تۆمارکراون.
لە کۆتایی مانگی تەممووزی ئەمساڵدا بڕی 2.5 ملیار دینار لەنێو ماڵی ئەم بەرپرسە پێشووەدا دۆزرابووەوە، هاوکات لەگەڵ ئاشکراکردنی شەش موڵکی وەبەرهێنان کە بە ناوی هاوژینەکەیەوە کرابوون.
ئەم بەرپرسە ئێستا بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەرە، بە تۆمەتی خەرجکردنی چەکێکی بانکی بە بڕی 425 ملیۆن دینار لەسەر بنەمای بەڵگەنامەی ساختە و وەهمی.
دۆسیەی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و دەوڵەمەندبوونی نایاسایی لە پارێزگای سەلاحەدین رووی لە زیادبوون کردووە. پێشتریش لە 26ـی تەممووزی 2026، کامل عەباس ئەشرەف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین (لەسەر هاوپەیمانیی عەزم)، خۆی رادەستی دەستپاکی کرد بەهۆی تێوەگلانی لە دۆسیەیەکی گەندەڵی بە بەهای نزیکەی 400 ملیۆن دینار کە لە کاتی پۆستەکەیدا وەک جێگری پارێزگار کرابوو.
پارێزگای سەلاحەدین لەمساڵدا زۆرترین ئۆپەراسیۆنی دەستەی دەستپاکی تێدا کراوە و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای پارێزگاکە بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیرکراون.

