رووداو دیجیتاڵ
دوای دروستبوونی دەنگۆ و دڵەڕاوکێ لەبارەی پیسبوونی رووباری دیجلە، هەردوو وەزارەتی ژینگە و تەندروستیی عێراق لە دوو راگەیێندراوی جیادا دڵنیایی دەدەن و رایدەگەیێنن، ڤایرۆسی ئەیدز (HIV) لە رێگەی ئاو، خۆراک و ماسییەوە ناگوازرێتەوە.
ئەم روونکردنەوانە دوای ئەوە هاتن کە سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا هۆشداری دابوو لە فڕێدانی پاشماوەی نەخۆشخانەکان بۆ نێو رووباری دیجلە و ئاماژەی بەوە کردبوو، لەبەر مەترسیی پاشماوەی نەخۆشییە گوازراوەکان، لە خواردنی ماسی وریا بووەتەوە؛ ئەمەش لێکدانەوەی جیاوازی لە میدیاکاندا لێکەوتەوە.
وەزارەتی ژینگەی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن لێدوانی وەزیری ژینگەیان بە شێوەیەکی نادروست گواستووەتەوە و پەیوەندییان لەنێوان فڕێدانی پاشماوەی پزیشکی و گواستنەوەی نەخۆشیی ئایدز لە رێگەی ماسییەوە دروستکردووە.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە هۆشدارییەکەیان تەنیا بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و تەندروستیی گشتی بووە بەرامبەر پاشماوە زیانبەخشەکان. داواشی لە میدیاکان کرد بەرپرسانە مامەڵە بکەن و دوور بن لە دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو هاووڵاتییاندا.
وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ڤایرۆسی کەمبوونی بەرگریی مرۆڤ (HIV) بە هیچ شێوەیەک لە رێگەی ئاو و خۆراکەوە ناگوازرێتەوە.
ڤایرۆسی HIV بە شێوەی سەرەکی لە رێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆی خوێن، شیردانی دایک، سێکس و بەکارهێنانی دەرزیی پیسبووەوە دەگوازرێتەوە. ڤایرۆسەکە لە دەرەوەی جەستەی مرۆڤ بۆ ماوەیەکی زۆر کەم دەمێنێتەوە و بەرگەی گەرما و ماددەی پاککەرەوە ناگرێت.
سەبارەت بە چۆنیەتیی لەناوبردنی پاشماوەکانیش، تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە دامەزراوە تەندروستییەکان یەکەی تایبەتیان بۆ چارەسەرکردنی ئاوی قورس و پاشماوە پزیشکییەکان هەیە و دوای پاڵاوتن رەوانەی وێستگە گەورەکانی چارەسەرکردنی ئاو دەکرێن، لەوانەش وێستگەی رووستەمییە لە بەغدا.
وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە، وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی (T1) کە دەکەوێتە نزیک شاری پزیشکی لە ناوچەی باب ئەلموعەزەم لە بەغدا، سەر بە ئەمینداریەتیی بەغدایە و پەیوەندیی بە وەزارەتی تەندروستییەوە نییە، ئاوی ئاوەڕۆی دامەزراوەکانی وەزارەتیش ناڕژێتە ئەو وێستگەیە.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق داوای کردووە، لەکاتی باسکردنی بابەتە تەندروستییەکاندا، پشت بە راستییە زانستییەکان و بەڵگەنامە فەرمییەکان ببەسترێت و زانیاریی نادروست بڵاونەکرێتەوە کە ببێتە هۆی وروژاندنی دڵەڕاوکێ لەنێو هاووڵاتییاندا.

