رووداو دیجیتاڵ
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەردانێک گەیشتە شاری موسڵ.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە رێگەی فڕۆکەخانەی موسڵەوە گەیشتووە، بۆ دانانی بەردی بناخە و دەستپێکردنی پرۆژە یەک ملیۆن زەوی نیشتەجێبوون، کە پشکی نەینەوا 90 هەزار دانەیە.
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و سەرۆک هۆز و ریش سپیانی نەینەواش کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، عەلی زەیدی بەدواداچوونیش بۆ پرۆژەکانی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی پارێزگاکە دەکات.
رۆژی یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی لە شەشەمین کۆبوونەوەی دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان، ئاماژەی بە دەستپێشخەریی (نیشتمان) کرد بۆ دابەشکردنی زەویی نیشتەجێبوون کە لە نەجەف و کەربەلاوە دەستیپێکردووە و جەختی کردەوە کە حکومەت سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەبێ هیچ دواکەوتنێک.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەدا 275 هەزار پارچە زەوی لە سەرتاسەری وڵات ئامادەکراون. پارێزگاکانی کەربەلا، نەجەف و ئەنبار 100٪ـی کارەکانی ئامادەکردنی زەوییەکانیان تەواو کردووە. پارێزگاکانی مەیسان، موسەننا، واست، بەغدا و نەینەوا، رێژەیەکی بەرزی کارەکانیان تەواو کردووە. کارکردن لە 7 پارێزگاکەی دیکەش بەردەوامە.

