رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی عێراق دەڵێ، دەرفەتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ناکۆکییەکانیان زیاترن و یەکێک لە چارەسەرەکانیش ئەوەیە چەند یاسایەک دەربچوێندرێن، لەوانە یاسای نەوت و گاز؛ هەروەها رایگەیاند کە لیژنەیەکی چوار کەسیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ گرووپەکان لەسەر کۆنووسێک رێککەوتوون کە یەکێک لە خاڵەکانی دەرچواندنی ئەو یاسایانەیە پەیوەندیدارن بە حەشدی شەعبییەوە.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، عێراق زیاتر لە ملیۆنێک شەڕکەر و راداری پێشکەوتووی بۆ پاراستنی سەقامگیری هەیە و گوتی: "عێراق لە ناوچەکەدا یاریزانە نەوەک تەماشاکار."
ئەو گوتانەی محەممەد شیاع سوودانی لە پانێڵێکی دیداری مێری بوو کە دووشەممە، 12ی تشرینی یەکەم لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و تۆڕی میدیایی رووداویش سپۆنسەری میدیایی دیدارەکەیە.
دەرفەت لەنێوان هەولێر و بەغدا زۆرە
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، لە سەردەمی حکومەتەکەیدا هەنگاوی ئەرێنییان ناوە بۆ رێکخستنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.
سوودانی کە لە 2023 بۆ 2026 سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لەو کێشانە بۆ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی مابوونەوە. بۆ نموونە، دۆسیەی کۆمپانیاکانی نەوت کە بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی محەممەد شیاع سوودانیدا رێککەوتنی هەناردەی نەوت و بەجێکردنى مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا.
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا بەرەو جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی چوون، هەرچەندە بە گوتەى ئەو، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە وای کرد کە حکومەتی فیدراڵی یاسای بودجە تێپەڕێنێت کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە دەبێت پابەندی هەبێت بە خەرجیی راستەقینەوە.
یەکێک لە تێبینییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر یاسای بودجەی گشتیی عێراق ئەوە بوو کە رێژەی پشکەکەی لە خەرجیی راستەقینە جیابکرێتەوە، کە کەمتر دەکات لە رێژەی تەواوی قەبارەی بودجە.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، ئەو دەرفەتانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن، زیاترن لە ناکۆکییەکانیان کە زیاتر لە دوو دەیەیە بەسەریاندا تێدەپەڕێ.
محەممەد شیاع سوودانی بە پێویستی زانی بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چەند یاسایەک دەربکرێن، لەوانە یاسای نەوت و گاز، دادگەی فیدراڵی، ئەنجوومەنی فیدراڵی و دەروازە سنوورییەکان کە لەنێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا رێککەوتن کراوە کە هەنگاو بۆ دەرچواندنیان بنرێ.
ملیۆنێک شەرکەر و راداری بەهێز هەیە
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، عێراق وەک وڵاتێک بە قۆناخێکی "زۆر هەستیار"دا تێدەپەڕێ، تەواوبوونی ئەرکی هاوپەیمانان بە مانای ئەوە نییە کە پەیوەندی لەگەڵیاند بپچڕێنرێ و بڕوایان بەوەیە کە دەزگا ئەمنییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.
سەرۆکوەزیرانی پێشووى عێراق گوتی: "یەک ملیۆن شەڕکەرمان لە هێزە ئەمنییەکاندا هەیە، سیستمی راداری ئاشکراکردنی بەرز و نزممان هەیە کە پێشکەوتووە و بەرهەمی کۆمپانیای تالیسی فەڕەنسییە. کەموکوڕیمان لە بەرگریی ئاسمانی هەبوو و بەگوێرەی هەندێک گرێبەست چارەسەرمان کردووە."
رۆژی 30ی ئەیلوول ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق کۆتایی هات و هێزەکانیان کشانەوە، بەغدا ئەو هەنگاوەی بە "رۆژی سەروەری" ناوبرد.
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، ئەمڕۆ داعش مەترسی لەسەر دەوڵەت نەماوە، بەڵکو رەنگە مەترسیی دیکە هەبێت، لەوانە ماددەی هۆشبەر.
بە گوتەی سوودانی، عێراق لە ناوچەکەدا یاریزانە نەوەک تەماشاکار، دەشڵێت: "کەس پێشبینیی ئەوەی نەدەکرد عێراق لەم گۆڕانکارییانەدا بە سەلامەتی دەربچێت."
کۆنووسێک بۆ چارەسەری چەک ئامادەکراوە
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، نابێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان و پێویستە بڕیاری جەنگ و ئاشتی بە دەست دەوڵەت و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بێت و ئەوە سازشی لەسەر ناکرێ.
سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە بەسترایەوە بە کشانەوەی هاوپەیمانان، کە بڕیارە بەگوێرەی پلانێک چارەنووسی ئەو چەکانە یەکلا بکرێتەوە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاند، پرسی چارەسەری چەک لە رووی دەستوورەوە روونە و خشتەیەکی کاتی هەیە؛ لیژنەیەکی چوار کەسی لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەبوو کە تێڕوانینی لایەنەکانی نزیک کردەوە و گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەکان کرد، کۆتایی کارەکەش کۆنووسێک بوو کە رێککەوتنی لەسەر کرا.
سوودانی گوتی، پلانێکی ورد هەیە کە حکومەت ئامادەی دەکات و تاوەکو نێوەڕاستی 2027 درێژ دەبێتەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەک، لەو کۆنووسەدا دەرکردنی یاساکانی تایبەت بە حەشدی شەعبی هەیە کە نێردراوە بۆ پەرلەمان و بڕیارە لە نزیکترین کاتدا پەسند بکرێ.
محەممەد شیاع سوودانی یەکێک بوو لەو چوار بەرپرسەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە لە لیژنە چوار کەسییەکەدا بوون بۆ چارەسەری پرسی چەک لەپاڵ نووری مالیکی، هادی عامری و قەیس خەزعەلی.
سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاند، هەر کارێکی سەربازی لە عێراقەوە بێت یان دژی وڵاتانی دراوسێ بێت، ئەرکی دەوڵەتە رێگری لێ بکات و لە سەردەمی حکومەتەکەیدا چەندین هەوڵی لەو شێوەیەیان پووچەڵ کردووەتەوە.
رێگەی گەشەپێدان بە ئێرانەوە دەبەسترێتەوە
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان پڕۆژەیەکی عێراقییە، بەڵام تێڕوانینی حکومەت وابوو کە بیخاتە بەردەم وڵاتانی ناوچەکە و رێککەوتنی چوارقۆڵیی لێکەوتەوە لەگەڵ تورکیا، قەتەر و ئیمارات.
درێژیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان 1200 کیلۆمەترە، لە هێڵی گواستنەوەی کاڵا و گەشتیاری و شەمەندەفەر و وشکانی پێکدێ، لە بەندەری فاو لە بەسرە دەست پێدەکات تاوەکو تورکیا.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، عێراق لەگەڵ ئێران زیاتر لە پڕۆژەیەکیان هەیە، لەوانە بەستنەوەی رێگەی ئاسنینی گواستنەوەی گەشتیاران و بۆ قۆناخی دواتریش بەستنەوەی بە رێگەی گەشەپێدانەوە.



