رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق چوار مانگ مۆڵەت دەداتە ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە بێ تابلۆن، ئەگەرنا بە 100 هەزار دینار سزای پێبژاردن دەدرێن.
دووشەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ئاگادارینامەیەکدا داوا لە خاوەنی ئەو ماتۆڕسکیلانە دەکات کە تابلۆیان نییە، لە ماوەی 130 رۆژدا سەردانی بنکەکانی تۆماری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ بکەن، بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی تۆمارکردنیان و دانانی تابلۆ.
عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارە هەموو جۆرەکانی ماتۆڕسکیل دەگرێتەوە کە تاوەکو ئێستا تابلۆیان نییە."
ئەو دەرفەتەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق بۆ خاوەنی ماتۆڕسکیلەکانی دیاری کردووە، لە 18ی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات تاوەکو 22ی شوباتی 2027.
عەقید حەیدەر شاکر گوتی: "ئەو بڕیارە تەنیا ئەو ماتۆڕسکیلانە دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکی یاسایی هێنراونەتە ناو عێراقەوە."
بەگوێرەی ئاگادارینامەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق، هەر ماتۆڕسکیلێک لە دوای 22ی شوباتی 2027 تۆمار نەکرابێت و تابلۆی نەبێت، بە بڕی 100 هەزار دینار پێبژاردن سزا دەدرێت.




