رووداو دیجیتاڵ
عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی باڵادا نەخشەڕێگەی پەرەپێدانی هێزە چەکدارەکان دیاری دەکات و رێنمایی دەدات کە ئامادەیی شەڕکردن بۆ بەرزترین ئاست بەرزبکرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە (13 تشرینی یەکەم 2026)، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ تاوتوێکردنی ئاستی ئامادەیی یەکە سەربازییەکان کرد.
بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی، بریکاری وەزارەتی پلاندانان، ژمارەیەک لە راوێژکاران و فەرماندەی یەکە سەربازییەکان ئامادەبوون، تێیدا وردەکاریی تواناکانی هێزی ئاسمانی، دەریایی، بەرگری ئاسمانی و فڕۆکەوانی سوپا خرانە بەر باس.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رێنمایی دا "ئامادەبایی شەڕکردن بۆ بەرزترین ئاست بەرزبکرێتەوە و جەختی کردەوە، بنەماکانی هێزی سەربازیی مۆدێرن چی دیکە تەنیا لە چەکی کلاسیکیدا کورت نابنەوە، بەڵکو پشت بە توانای ئاسمانی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و تەکنیکی دەبەستن".
سەرۆکوەزیرانی عێراق "جەختی لە پەرۆشیی حکومەت کردەوە بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان بۆ بەهێزکردنی تواناکانی هێزە چەکدارەکان و پەرەپێدانیان، بە شێوەیەک کە پاراستنی ئاسایشی عێراق و سەروەرییەکەی و ئاسمان و ئاو و خاکەکەی مسۆگەر بکات".


