رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، رۆژی پێنجشەممە 15-10-2026 دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان و وەزارەتە تازە پێکهێندراوەکان دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 13-10-2026 ناوەندی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری رۆژی پێنجشەممەی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە کە رۆژی 15-10-2026 دانیشتنی پەرلەمان دەبێت بە مەبەستی دەنگدان بۆ پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵ و تازە پێکهێندراوەکان.
هەر لە بەرنامەی کارەکەدا هاتووە، هەر لە دانیشتنەکەدا دەنگ لەسەر بەربژێرانی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەدرێت.
نووسراوەکە دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کرد.
لەو نووسراوەدا داواکرابوو رۆژی پێنجشەممە (15ی تشرینی یەکەمی 2026) وەک کاتی دانیشتنی پەرلەمان دیاری بکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکوەزیرانی عێراق چوار جێگری هەبێت کە دوو شیعە، سوننەیەک و کوردێک بێت.



