رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە سێ ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە پارێزگای دیوانیە، پێنج تۆمەتباریان دەستگیر کردووە، کە تێوەگلاون لە سەرانەوەرگرتن و تێکدانی شەفافییەتی زیادکردنە ئاشکراکان و تەندەرەکانی دامودەزگا فەرمییەکان. تۆمەتبارەکان دوو میدیاکار و کارمەندێکی ئەمنییان تێدایە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی2026 وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "دوو میدیاکاری ئێزگەی (دەنگی دیوانیە) دەستگیرکران، داوای پارەیان لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆ و زانکۆی قادسیە کردووە لە بەرامبەر بە دابینکردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆیان".
تۆمەتبارەکان وایان بە فەرمانبەرەکان گوتووە کە بەشێکی ئەو پارەیە بۆ پارێزەر و هەندێک بەرپرسە تاوەکو کارەکانیان بۆ تەواو بکەن.
سەرانە وەرگرتن لە زیادکردنە ئاشکراکاندا
لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا، دوو تۆمەتبار دەستگیر کران کە یەکێکیان کارمەندی ئەمنییە. ئەم دوو کەسە لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا گیراون، کە داوایان لە هاووڵاتییەک کردووە پارەیان پێبدات تاوەکو ئەوان نەچنە نێو کێبڕکێی زیادکردنێکی ئاشکرا لەسەر موڵکێکی شارەوانیی دیوانیە.
هەروەها فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دیوانیەش دەستگیرکراوە، کە بە هەمان شێوە هەوڵی داوە دەستوەردان لە زیادکردنی ئاشکرای دوکانێکی سەر بە زانکۆی قادسیە بکات و داوای پارەی کردووە تاوەکو نەبێتە بەربەست لەبەردەم کەسانی دیکەدا.
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت: "دادوەری لێکۆڵینەوەی دیوانیە بڕیاری داوە بە راگرتنی هەموو تۆمەتبارەکان بەپێی بڕیاری ژمارە (160ی ساڵی 1983) و مادە یاساییەکانی (310، 308، و 336) لە یاسای سزادانی عێراقی."


