رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری 19ـی ئەم مانگەی دیاریکردووە بۆ دادگاییکردنی موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، کە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراوە. هەروەها عەدنان جومەیلی، بریکارى پێشووى وەزارەتى نەوت وەک شایەتحاڵ بانگهێشتکراوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی دادگەی باڵای تاوانەکانی گەندەڵیی عێراق، کە ئاراستەی دەستەی دەستپاکیی عێراق کراوە، رۆژی دادگاییکردنی موسنا سامەرایی دیاریکراوە، کە 19ـی تشرینی یەکەمە.
لەنێو لیستەکەدا، ناوی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان هاتووە کە وەک تۆمەتبارى شایەتحاڵ ئامادەى دانیشتنى دادگاییکردنى موسەننا سامەڕایی بێت.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هاوپەیمانیی عەزم دروستیی نووسراوەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە، هەروەها ئەبو توراب تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "نووسراوەکە راستە".
موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کە لە هەمان کاتدا پەرلەمانتارە لە 28ـی حوزەیرانی 2026 بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا.
نوێنەرى یاسایی وەزارەتى نەوت ئامادەى دانیشتنەکە دەبێت، کەسەکانى دیکەش وەک تۆمەتبارى شایەتحاڵ بانگهێشتى دادگاییکردنەکە دەکرێن کە جگە لە عەدنان جومەیلی، سێ فەرمانبەری دیکەی وەزارەتى نەوت و فەرمانبەرێکی فەرمانگەی تەندروستیی سەلاحەدین و هاووڵاتییەکی دیکەیە، کە بەگوێرەی نووسراوەکە هەموویان لە بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی بەند کراون.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێت هەر لە هەمان رۆژدا بڕیار لە بارەی دۆسیەی تۆمەتبارەکان بدرێت".
لە 30ـی ئایاری 2026، عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا.




.jpg&w=3840&q=75)