رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەیەکی سنووریی عێراق، هێزەکانی سەر بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان گەشتیارێکیان دەستگیرکرد کە 25 کیسە ماددەی هۆشبەری لە جۆرى قات پێبووە، کە زۆرترین بەکارهێنەر و چاندنى لە وڵاتی یەمەنە.
چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026 عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو 25 کیسە ماددە هۆشبەرەى قات بە گەشتیارێکی بیانی بووە لە دەروازەی سنووریی رەبیعە کە ویستویەتى دەربازى ناو سنوورى عێراقى بکات".
قات رووەکێکی هۆشبەرە کە لە کاتی جوینیدا کاریگەریی هۆشبەریی بە جەستەی مرۆڤ دەبەخشێت، زۆرترین بەکارهێنەری ئەو جۆرە ماددە هۆشبەرە لە وڵاتی یەمەنە و لەو وڵاتەش زۆرتر دەچێندرێت.
عەلائەدین قەیسی رایگەیاند کە گەشتیارە بیانییەکە ئەو 25 کیسەیەی ماددەی هۆشبەری قاتی لە شوێنی جیاوازی ئۆتۆمبێلەکەیدا شاردبووەوە، دوای دەستگیرکردنیشی رادەستی هۆبەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکان کراوە، بۆ ئەوەی ببرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە و رێکاری یاسایی لەدژی بگیرێتەبەر.
دەروازەی رەبیعە دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا و یەکێکە لە دوو رێگە سەرەکییەکەی هاتووچۆ و گواستنەوە لە نێوان عێراق و سووریا.




.jpg&w=3840&q=75)