رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانى حیزبوڵڵاى عێراق هەشت پرسیار ئاراستەی سەرۆکوەزیران دەکات و تێیاندا دەپرسێت، لە دژی ئابڵۆقەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران هەڵوێستیان چییە و چى رێکارێکیان گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئابڵۆقەیە؟ هەروەها ئەگەر جارێکی دیکە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئاسمانی عێراقەوە هێرش بکەنە سەر ئێران، هەڵوێستیان چی دەبێت؟
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، کە یەکێکە لەو سێ هێزەی نێو گرووپی موقاوەمە کە هەتاوەکو ئێستا بە تەواوی لەگەڵ حکومەت لەسەر سنووردارکردنی چەک رێکنەکەوتوون، دەڵێت، تاوەکو ئێستا حکومەت وەڵامی فەرمیی نەداونەتەوە لەبارەی ئەو رێککەوتنەی بۆ سنووردارکردنى چەک لەگەڵ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کراوە.
چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانى حیزبوڵڵای عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئەو هەشت پرسیارەی ئاراستەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.
1- هەڵوێستتان لەسەر ئابڵۆقەی ئەمریکا لەسەر ئێران چییە؟ ئەگەر لە دژین، ئەو رێکارانە چی بوون کە گرتووتانەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی؟
2- هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە تاوانەکانی زایۆنی لە دژی گەلی فەلەستین و لوبنان چییە؟
3- هەڵوێستی سەرۆکوەزیران لە دژی داگیرکردنی خاکی فەلەستین چییە؟ ئایا بەرگریکردن لەدژى ئیسرائیل بە مافی گەلی فەلەستین دەزانن؟
4- هەڵوێستتان لەبارەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکا چییە کە لە دوای یەکی تشرینی یەکەمەوە کردوونی؟ ئەو پێشێلکارییانە رەت دەکەنەوە؟ ئایا ئەمریکاتان ئاگادار کردووەتەوە لە گرنگى پاراستنی سەروەریی عێراق؟
5- هەڵوێستتان لە دژی تاوانەکانی سعودیە چییە بەرامبەر بە گەلی یەمەن؟
6- هەڵوێستتان لە دەستوەردانی ئیمارات لە کاروباری ناوخۆی عێراق چییە لە رێگەی بانکەکان، بەشێک لە سیاسەتڤان و رۆژنامەڤان و دەستوەردانی ئەمنی لە هەندێک لە کۆمپانیاکان؟
7- ئایا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا داواى لێکردوون ئاشتى لەگەڵ زایۆنیست بەرپا بکەن و هەڵوێستتان چی بووە؟
8- هەڵوێستتان چۆن دەبێت ئەگەر جارێکی دیکە ئەمریکا و زایۆنی لە ئاسمانی عێراقەوە هێرش بکەنە سەر ئێران؟ ئایا لایەنگری حەق دەبن کە مەرجەعیەت پاڵپشتیی دەکات؟ ئایا راوەدووی ئەو گەنجانە دەنێن کە دەچنە بەرەی حەقەوە؟
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا داوا دەکات رۆژێک یان چەند رۆژێک لە ساڵدا دیاریبکرێت بۆ سووتاندنی ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل.
ئەو گرووپە چەکدارەی شیعە ئاماژەی بەوەش داوە، هەتاوەکو ئێستا موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق وەڵامێکی فەرمیی لە سەرۆکوەزیرانەوە پێ نەگەیشتووە لەبارەی بەڵگەڵنامەى رێکخستنی چەک، کە لە رێگەی لیژنەی دانوستاندنکاری هاوپەیمانى چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێککەوتنی لەبارەوە کراوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرسەکە هێشتا لە چوارگۆشەی یەکەمدایە.




.jpg&w=3840&q=75)