رووداو دیجیتاڵ
دانانی چوار جێگر بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق کەلێن دەخاتە نێو هێزە شیعەکانی عێراقەوە و دەیانکاتە دوو بەرەى دژ و پاڵپشت، هەرچەندە دووان لەو پۆستانە بۆ ئەو پێکهاتەیە دەبێت، هەندێک لە فراکسیۆنە شیعەکان بڕیاریانداوە دەنگ بەو پۆستانە نەدەن کە هەشت ساڵە لادراون، کە کاتێکدا سەرۆکوەزیران دەڵێت: "ئەو پۆستانە بێ مووچە و دەرماڵەن".
بڕیارە ئەو چوار پۆستە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر بدرێت، کە دووانیان بۆ شیعە و دووانەکەی دیکەش بۆ کورد و سوننە دەبن.
ئەو پۆستانە بەشێک دەبن لە پاکێجی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی ئێستای حکومەت کە نۆ وەزارەتی بە بەتاڵی ماوەتەوە و ئەوانیش دەنگیان لەبارەیەوە دەدرێت.
هەندێک لە هێزە شیعەکان لە دژی زیادکردنی ئەو چوار جێگرەن، لە کاتێکدا زۆرینەی حکومەتیان بەدەستەوەیە.
فراکسیۆنی حوقووق (باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق) رۆژی 14ی تشرینی یەکەم و رۆژێک بەر لە دانیشتنی پەرلەمان رایگەیاند، بایکۆتی دانیشتنەکە دەکات بەهۆی دەنگدان لەسەر دیاریکردنی چوار جێگر بۆ سەرۆکوەزیران.
لە ساڵی 2018ـەوە پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران لە عێراق هەڵوەشێنراوەتەوە، پێشتر دوو جێگر هەبووە کە بۆ کورد و سوننە بوون.
هاوپەیمانیی نەسر، کە یەکێکی دیکەیە لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە دژی دیاریکردنی چوار جێگرە بۆ سەرۆکوەزیران. عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە بە رووداوی راگەیاند: ناڕەزایەتی لە دژی زیادکردنی ئەو چوار پۆستە بەهۆی ئەوەیە کە ئەرکێکی دیاریکراویان نییە و لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا نییە و دژی هەنگاوی دەستگرتنەوەیە، بەڵام پێشبینی ناکرێت لە پەرلەمان بە دەنگدان رێگری لە تێپەڕاندنی ئەو پۆستانە بکرێت.
بۆ ڕەواندنەوەی ناڕەزایەتییەکان، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران 13ی تشرینی یەکەم رایگەیاند، ئەو چوار پۆستە بەبێ مووچە و دەرماڵە دەبن و کەس بۆ نووسینگەکانیان دانامەزرێندرێت، بەڵام عەقیل ردێنی ئەوە بە "خۆڵکردنە چاوی خەڵک" دەزانێت و دەڵێت: "هەر کەس بەشدار بێت لە خزمەتی کارگێڕی، دەبێت مووچەی هەبێت".
لەیس خەزعەلی لە پشکی فراکسیۆنی سادیقوون (باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق) بەربژێری یەکێک لە جێگرانی سەرۆکوەزیرانە، بۆ جێگرێکی دیکە لە پشکی شیعە موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس بەربژێرە، جێگری سێیەم بۆ محەممەد تەمیم دەبێت لە پشکی عەرەبی سوننە (پارتی تەقەدووم) و چوارەم جێگریش بۆ کورد دەبێت و تاوەکو ئێستا فارس بریفکانی لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێرە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە رووداو لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستی کەوتووە، بەشێک لە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساش ئەگەری هەیە دەنگ بە جێگرانی سەرۆکوەزیران نەدەن.
حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون (باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا سەرەتا بەربژێرانی جێگرانی سەرۆکوەزیران پێشکێش دەکرێن و ئەوەش بۆ هەندێک لە فراکسیۆنەکان سەنگی مەحەک دەبێت کە ئەوانیش بەربژێریان بۆ وەزارەتەکان هەیە، متمانەمان بەوەیە کە بەربژێرەکەمان دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا چاودێریی دەکەین کە هەر فراکسیۆنێک دەنگ بە بەربژێری ئێمە نەدات بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، ئێمەش دەنگ بە بەربژێرەکانیان نادەین بۆ پۆستی وەزارەتەکان."
لە کۆی ئەو 9 وەزارەتە: پێکهاتەی سوننە سێ وەزارەت، کورد یەک وەزارەت، کریستیان یەک وەزارەت و چوار وەزارەتەکەی دیکەش بەر لایەنەکانی شیعە دەکەون.



