رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی داواکارییان بۆ وەرگرتنی قەرزی نیشتەجێبوون پێشکەشکردووە، جەختیش دەکاتەوە کە پشکی پارێزگاکان بەپێی ژمارەی دانیشتووان و رێژەی هەژاری دیاریکراوە.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی داواکارییان پێشکەشکردووە.
بەپێی ئەو بڕە پارەیەی تەرخانکرابوو کە نزیکەی نیو تریلیۆن دیناری عێراقییە، پشکی هەر پارێزگایەک بەپێی ژمارەی دانیشتووان و رێژەی هەژاری دیاریکراوە. نەبیل سەفار دەڵێت، "گوشارێکی زۆر لەسەر قەرزەکانی نیشتەجێبوون هەیە و بەهیوایین لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا دەرگای پێشکێشکردن بکرێتەوە."
سندووقی نیشتەجێبوون بە شێوەی پاڵپشتیی خۆی کاردەکات و بۆ پێدانی قەرز پشت بەو پارانە دەبەستێت کە لە قەرزدارانی پێشوو وەردەگیرێنەوە. گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەشکرد، "سندووقەکە نزیکەی 700 ملیار دیناری لە وەزارەتی دارایی ماوە، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە خەرجبکرێت، بێ گومان دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆرتری قەرزدار سوودمەند بن."
بڕی قەرزەکە پشت بە مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەر یان کەفیلەکەی، یان بەپێی بەهای موڵکەکە لەو ناوچەیەی کە یەکەی نیشتەجێبوونەکەی تێدا دروستدەکرێت، دیاریدەکرێت. ئەمەش بەپێی هاوکێشەیەک دەبێت کە بریتییە لە (نرخی یەک مەتر چوارگۆشە 80% رووبەری زەوی)، کامەیان کەمتر بێت، ئەوە هەژمار دەکرێت.
سەبارەت بە بڕی قەرزەکە، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند: "زۆرترین بڕی قەرزەکە دەگاتە 60 ملیۆن دینار؛ ماوەی گەڕاندنەوەی 15 ساڵە؛ قەرزەکە بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەک دەبێت کە رووبەرەکەی لە 100 مەتر دووجا کەمتر نەبێت یان بۆ زیادکردن بێت کە رووبەرەکەی لە 65 مەتر دووجا کەمتر نەبێت."
نەبیل سەفار ئاماژەی بەوە کرد، قەرزەکە بەپێی قۆناخەکانی بیناسازی بەسەر دوو یان سێ گوژمەدا دابەش دەکرێ؛ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە تەمەنی 18 بۆ 65 ساڵ بێت، مافی پێشکێشکردنی بوو، بەو مەرجەی مەرجەکانی سەرەوەی تێدا بێت.
داواکاری پێشکێشکردن بۆ قەرزی نیشتەجێبوون لە پارێزگاکانی عێراق و کەرکووک لە کاژێر 10:00ـی بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 23-08-2026ـەوە دەستپێپێکرد و تاوەکو 27ی مانگ بەردەوام بوو.
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، راگەیاند، بەگوێرەی مادەی دووی بڕگەی یەکەمی یاسای سندووقی نیشتەجێبوون ژمارە 32ـی ساڵی 2011، قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.


