رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری تێکەڵکردنی دوو قوتابخانەی ناوەندیی کچان لە پارێزگای دیوانییە، کاردانەوە و ناڕەزایەتیی بەرفراوانی قوتابیان و کەسوکاریانی لێکەوتووەتەوە. پەرلەمانتارێک وێنەی دانیشتنی قوتابییە کچەکان لەسەر زەوی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت بەهۆی نەبوونی رەحلەوەیە، بەڵام ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت: "ئەوە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییە دژی بڕیاری تێکەڵکردنەکە."
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دیوانییە بڕیاری داوە هەردوو ناوەندی "زینەت ئەلحەیات" (کە نزیکەی 150 قوتابییە) لەگەڵ ناوەندی "ئیشعاع" (کە نزیکەی 170 قوتابییە) لە یەک باڵەخانەدا تێکەڵ بکات؛ بڕیارێک کە رووبەڕووی ناڕەزایەتیی تووندی کەسوکاری قوتابیان بووەتەوە بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵخی، کەمیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و نەبوونی رەحلەی پێویست بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە خوێندکارە.
پەرلەمانتارێک: کچەکان بەبێ رەحلە لەسەر زەوی دەخوێنن
باسم خوزەیر غەڕابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی ئیشراقەی کانوون، پاش سەردانێکی مەیدانی بۆ ناوەندی ئیشعاع کە قوتابیانی زینەت ئەلحەیاتی لەگەڵ تێکەڵ کراوە، رایگەیاند دۆخی ناوەندەکە نالەبارە و قوتابییەکان ناچار کراون لەسەر زەوی دابنیشن.
ئەو پەرلەمانتارە لە پۆستێکیدا نووسیویەتی: "راستە یان درۆ؟ قوتابیانی کچ لەسەر زەوین لە قوتابخانەیەکی دیوانییە؟ نەخێر، من پێتان دەڵێم راستە، خۆم چووم و بینیم. دۆسیەکەمان کردووەتەوە و داناخرێت تاوەکو هۆکارەکان نەزانرێن و دۆخەکە چاک نەکرێت".
غەڕابی دەپرسێت: "ناوەندی زینەت ئەلحەیات جێگیرە و هەموو پێداویستییەکی خوێندنی تێدایە؛ بۆچی پێش دابینکردنی رەحلە و تەختەڕەش قوتابییەکانی دەگوازرێنەوە بۆ ئیشعاع؟" جەختیشی کردەوە کە رێکاری یاسایی گرتووەتەبەر و بەردەوام دەبێت تا دەوامی ئاسایی مسۆگەر دەکرێت.
ئەنجوومەنی پارێزگا: وێنەکان گردبوونەوەی ناڕەزایەتین
لە بەرامبەردا، جەعفەر مووسەوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە ئەمڕۆ پێنجشەممە (15ی تشرینی یەکەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی دەبینرێت، گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەشێک لە قوتابیانی کچە لەسەر داوای کەسوکاریان دژی تێکەڵکردنی قوتابخانەکەیان لەگەڵ قوتابخانەیەکی دیکەی ناوچەکە کە کێشەی کەمیی خزمەتگوزاریی هەیە".
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دیوانییە بە فەرمی رایگەیاندووە دەوام لە ناوەندی ئیشعاع بەردەوام دەبێت و سەرجەم کەلوپەل و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت. هاوکات بڕیاری داوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر بەڕێوەبەری ناوەندی زینەت ئەلحەیات پێکبهێنێت بە تۆمەتی "پەکخستنی دەوام، زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتی و ناوزڕاندنی پەروەردەی دیوانییە".
لای خۆیانەوە، کەسوکاری قوتابیانی ناوەندی زینەت ئەلحەیات لە رێگەی یاداشتێکەوە بۆ وەزیری پەروەردە و پارێزگاری دیوانییە، داواکارییەکانیان لە سێ خاڵدا چڕکردووەتەوە:
یەکەم: کردنەوەی دەستبەجێی قوتابخانەی زینەت ئەلحەیات لە زووترین کاتدا.
دووەم: گەڕاندنەوەی تەواوی کادر و میلاکی وانەبێژیی قوتابخانەکە.
سێیەم: لێپرسینەوە لە سەرجەم ئەو کەسانەی بوونەتە هۆی سەرگەردانبوونی قوتابییەکان.


