رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، هیچ بەربەستێکی یاسایی و سیاسی لەبەردەم پڕکردنەوەی پۆستە چۆڵەکانی کابینەی حکومەتی عێراقدا نییە و چاوەڕوان دەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمان دەنگ بە وەزیرە نوێیەکان بدات.
شاکر مەحموود، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی بەدر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە ئارێز خالید پێشکەشی کرد، لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانەوە گوتی: "هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم پڕکردنەوەی پۆستەکاندا نییە؛ تەنیا هەندێک ناکۆکی لەبارەی بەربژێری وەزارەتی بەرگرییەوە هەبوو، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو بابەتەش یەکلایی کراوەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ دەنگ بە وەزیرەکان بدرێت."
سەبارەت بە پشکی کورد لە کابینەکەدا، پەرلەمانتارەکەی بەدر ئاماژەی بەوە کرد کە پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و پێشبینی دەکات سازانی تەواوی لەسەر بکرێت: "لە دانیشتنی پێشوودا هەندێک تێبینی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ فراکسیۆنی بەدر پشتیوانی لە بەربژێرەکانی پارتی و فراکسیۆنی سۆیانا دەكات بۆ ئەوەی دەستبەکاربن."
شاکر مەحموود جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوان وەک هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پابەندن بەو رێککەوتنانەی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان کراون و دەیانەوێت حکومەت لە کارەکانیدا سەرکەوتوو بێت.
سەبارەت بە کاریگەریی دابەزینی بەهای دینار و رەشنووسی بودجە لەسەر کۆبوونەوەی پەرلەمان، شاکر مەحموود گوتی: "ئەو بابەتانە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی دەنگدان نابێت؛ حکومەت پلانی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی بەهای دینار و دۆلار هەیە، چونکە هێنانەخوارەوەی بەهای دراو لە ئەنجامی کورتهێنانی بودجە و راوەستانی هەناردەی نەوتەوە بووە، بەڵام دەبێت دۆخەکە بە زوویی کۆنترۆڵ بکرێت."


