رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی (ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری) ئێراندا، سزای نوێی بەسەر تۆڕە داراییەکانی ئێراندا سەپاند و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنان و دارایی (IDB) لە عێراق خستە نێو لیستی رەشەوە؛ ئەوەش بە تۆمەتی ئاسانکاریکردن بۆ دەستگەیشتنی تاران و گرووپە چەکدارەکان بە دۆلاری ئەمریکی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بانکی (IDB) کە بنکەی سەرەکیی لە بەغدایە، خزمەتگوزاریی دارایی و دۆلاری ئەمریکی بۆ دامەزراوەکانی حکومەتی ئێران دابین کردووە و پەیوەندیی راستەوخۆی بەو گرووپە چەکدارانەوە هەیە کە لە تارانەوە نزیکن.
دابینکردنی دۆلار بۆ تاران و گرووپە چەکدارەکان
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەم بانکە عێراقییە وەکو کەناڵێکی دارایی کاری کردووە بۆ دەربازبوون لە سزاکانی واشنتن بەسەر تاران دا، بە جۆرێک دەرفەتی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران رەخساندووە تاوەکو دۆلار لە عێراقەوە بکێشنەوە و بۆ چالاکییە سەربازی و داراییەکانیان لە ناوچەکەدا بەکاریبهێنن.
واشنتن جەختی کردەوە، ئەم سزایانە دەبنە هۆی بلۆککردنی سەرجەم سەروەت و سامانەکانی ئەو بانکە لەنێو خاکی ئەمریکادا و قەدەخەکردنی هەر مامەڵەیەکی دارایی بە دراوی دۆلار لەگەڵیدا، هاوکات هۆشداریی دایە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان کە هەر لایەنێک مامەڵە لەگەڵ ئەو بانکەدا بکات، رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە.
لە نێوخۆی ئێرانیشدا، وەزارەتی گەنجینە سزای بەسەر هەردوو بانکی نێودەوڵەتیی جەزیرە و بانکی نێودەوڵەتیی چابەهاردا سەپاند کە مۆڵەتی مامەڵەکردنیان بە دراوی بیانی پێدرابوو تاوەکو بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان بەکاربهێنرێن.
بەکارهێنانی پارەی خومس و رێکخراوە ئایینییەکان لەلایەن تارانەوە
هاوکات لەگەڵ سزاکان، تۆڕی جێبەجێکردنی یاسای تاوانە داراییەکان لە ئەمریکا (فینسن) هۆشدارییەکی فەرمیی ئاراستەی سەرجەم دامەزراوە داراییەکانی جیهان کرد لەبارەی "فێڵەکانی تاران لە رێگەی بەکارهێنانی رێکخراوە ئایینی و خێرخوازییەکان".
بەپێی بەڵگەنامەکانی فینسن، دەسەڵاتدارانی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک پارەی "خومس"ی ئایینی کە لە شوێنکەوتووانی مەزهەبی شیعە لە سەرانسەری جیهاندا کۆدەکرێتەوە، لە رێگەی حەواڵە و گواستنەوەی پارەی کاش بەکاردەهێنن تاوەکو پارە بۆ چالاکییە سەربازییەکانی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە دابین بکەن.
خومس، یەکێکە لە گرنگترین فەرزە داراییەکان لە مەزهەبی شیعەدا و هاوشێوەی زەکاتە.
هەروەها سزای تووند بەسەر کەسایەتییەکی دیاری وەک رووحوڵڵا رەزەوی، کە وەک یەکێک لە گەورەترین متمانەپێکراوانی نەوتیی ئێران دەناسرێت، سەپێنرا. رەزەوی بەرپرس بووە لە هەناردەکردنی ملیۆنان بەرمیل نەوت و گواستنەوەی داهاتەکەی لەڕێگەی کۆمپانیا و تۆڕە نهێنییەکانەوە بۆ (هۆنکۆنگ)، ئیمارات و تورکیا بۆ کڕینی زێڕ کە پاشان بە فڕۆکەکانی ماهان ئەیر بۆ ئێران دەگوازرانەوە.
سزادانی بانکی (IDB) لە کاتێکدایە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی فیدراڵیی نیویۆرک چاودێرییەکی زۆر تووندیان بەسەر جووڵەی دۆلار لە عێراقدا سەپاندووە؛ لە ماوەی دوو ساڵی رابردووشدا زیاتر لە 20 بانکی ئەهلیی عێراقی لە مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەش کران بەهۆی گومانی قاچاخکردنی دراو بۆ ئێران.
ئەم سزایانە لە چوارچێوەی (ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری) دایە کە لە 24ی ئابی ئەم ساڵدا لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە دەستیپێکرد، بە ئامانجی سەپاندنی سزای لاوەکی و دابڕینی تەواوەتیی هەر دامەزراوەیەکی دارایی بیانی لە سیستمی دارایی ئەمریکا کە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات.


