رووداو دیجیتاڵ
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند،دوای زیاتر لە دوو دەیە لە پەسەندکردنی دەستوور، کێشە لە جێبەجێکردن و شرۆڤەی دەستووردا هەیە و داوا لە پەرلەمان دەکات بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی هەمواری پێویست لە دەستووردا بکرێت.
ئەو گوتانەی فایەق زێدان لە راگەیێنراوێکدا بوو بەبۆنەی تێپەڕبوونی 21 ساڵ بەسەر پەسەندکردنی دەستوور لە گشتپرسیی ساڵی 2005دا.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی دوو دەیە بەسەر پەسەندکردنی دەستوور لە دۆخێکی هەستیاردا، ئەزموون دەریخستووە کێشە هەیە لە جێبەجێکردن و شرۆڤەی دەستووردا، کە رۆڵی هەبووە لە لەکارخستنی بەرکەوتە دەستوورییەکان، کە دیارترینیان پەیوەندیدارە بە زۆرینەی پەرلەمانی، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، دیاریکردنی گەورەترین فراکسیۆن و چەند بڕگەیەکی دیکە کە جێگەی مشتومڕن.
15ی تشرینی یەکەمى 2005، زیاتر لە 9.8 ملیۆن هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە گشتپرسیی دەستووردا کرد و 78.59%یان بە "بەڵێ" دەنگیان بە یەکەم دەستووری دوای رووخانی دەسەڵاتی حیزبی بەعس دا.
فایەق زێدان رایگەیاند، پەرلەمان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و مێژووییدایە بۆ پێداچوونەوە بە حوکمەکانی دەستوور و ئەنجامدانی هەمواری پێویست، بەگوێرەی ئەو میکانیزمانەی دەستوور دیاریی کردوون، بە شێوەیەک کە هاوتەریبی خواست و ئیرادەی گەل بێت.
بەگوێرەی دەستووری عێراق، سەرۆککۆمار و ئەنجوومەنى وەزیران پێکەوە، یان پێنجیەکی ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن پێشنیازی هەمواری دەستوور بکەن، بەڵام نابێت هەموارەکە لە دەسەڵاتی هەرێمەکان کەم بکاتەوە، هەروەها پێویستە هەمواری پێشنیازکراو لە گشتپرسیدا پەسەند بکرێت.




