رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی هەشت مانگدا، جیاوازیی نێوان خەرجی و داهاتی عێراق 33.6 تریلیۆن دینار کورتهێنان بووە و بەراورد بە هەمان ماوەی پار، داهات 44.9% کەمیکردووە کە پشکی شێری بەر نەوت کەوتووە.
ئەم ئامارانە بەشێک بوون لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەبارەی خەرجی و داهاتی مانگی کانوونی دووەم تاوەکو ئابی ئەم ساڵ.
لە هەشت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، خەرجیی عێراق 78.9 تریلیۆن دینار بووە، کە 75.7 تریلیۆن دیناری بۆ خەرجیی بەکارخستن بووە کە مووچە بەشێکە لێى و 95.9%ی تەواوی خەرجییەکانی پێکهێناوە.
لە هەمان ماوەدا خەرجیی وەبەرهێنان 3.1 تریلیۆن دینار بووە کە 3.9%ی تێکڕای خەرجییەکانی عێراق بووە.
خەرجیی مووچە و چاودێریی کۆمەڵایەتیی عێراق لە هەشت مانگدا 59.3 تریلیۆن دینار بووە کە 75.1%ی تێکڕای خەرجییەکان بووە.
خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان کە لەو راپۆرتەدا بۆ هەشت مانگ ئەژمار کراوە 8.3 تریلیۆن دینارە و تەنیا 7.4 ملیار دیناری خەرجیی تایبەت بە کۆمەک بووە و ئەوی دیکەی بۆ مووچە بووە.
بەراورد بە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی 2025، خەرجییەکانی عێراق بۆ ئەم ساڵ 8.5 تریلیۆن دینار کەمیکردووە.
داهات 44.7 تریلیۆن کەمیکردووە
داهاتەکانی عێراق لە هەشت مانگدا 45.3 تریلیۆن دینار بووە کە هەردوو داهاتی نەوتی و نانەوتی دەگرێتەوە.
داهاتی نەوتی 34.7 تریلیۆن دینار بووە کە 77%ی کۆی داهاتەکانی پێکهێناوە، داهاتی نانەوتیش 10.6 تریلیۆن دینار بووە کە 23%ی داهاتەکان بووە لەو هەشت مانگەدا.
بەراورد بە هەشت مانگی سەرەتای 2025، داهاتی عێراق ئەم ساڵ 37 تریلیۆن دینار کەمی کردووە، بەوپێیە کەمکردنەکە گەیشتووەتە 44.9%.
زۆرترین کەمکردن لە داهاتی نەوتیدا بووە کە 44.7 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام داهاتی نانەوتی 2.1 تریلیۆن دینار زیادی کردووە و رێژەی زیادکردنەکە %24.7 بووە.
کورتهێنان گەیشتووەتە 42.5%
خەرجییەکانی عێراق لە هەشت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا بەراورد بە داهاتەکەی، 33.6 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووە و رێژەی کورتهێنانەکە 42.5% بووە.
پار لە هەمان ماوەدا کورتهێنانی عێراق لەنێوان خەرجی و داهاتەکەیدا 5.1 تریلیۆن دینار بووە، بەوپێیەی کورتهێنانی ئەم ساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی پار 5.5% زیادی کردووە.
خەرجى عێراق لە هەشت مانگدا ؛
78.9 تریلیۆن دینار
بەکارخستن: 95.9%
وەبەرهێنان:3.1%
خەرجىی هەرێمى کوردستان: 8.5 تریلیۆن دینار
بەراورد بە 2025، 8.5 تریلیۆن دینار کەمیکردووە
داهات
45.3 تریلیۆن دینار
داهاتى نەوتى: 34.7 تریلیۆن دینار
%77
داهاتى نانەوتى: 10.6 تریلیۆن دینار
%23
کەمکردن بەراورد بە 2025
37 تریلیۆن دینار
%44.9
کورتهێنان
33.6 تریلیۆن دینار
%42.5
بەراورد بە 2025
5.5 % زیادبووە




