رووداو دیجیتاڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە هەر سێ جێگرە نوێیەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بە بۆنەی وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان و دەستبەکاربوونیان. رۆژی هەینی، 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لە بارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ جێگرانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سێ پەیوەندیی تەلەفۆنیی جیادا لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، لەیس خەزعەلی و محەممەد جبووری، پیرۆزباییی متمانەبەخشینی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستبەکاربوونیان وەک جێگرانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لێ کردن." لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، نێچیرڤان بارزانی هیوای سەرکەوتنی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا بۆ خواستوون، هاوکات "پیرۆزبایی لە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەندامانی حکومەت کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەزیرەکان و تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی وەزاریی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، بۆ خزمەتی وڵات و هاووڵاتییان." رۆژی پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی تایبەتدا، متمانەی بە وەزیرە نوێیەکانی کابینەکەی عەلی فالح زەیدی دا و کۆتایی بە دۆسیەی وەزارەتە بەتاڵەکان هێنا؛ لە دانیشتنەکەدا سێ جێگری سەرۆکوەزیران دیاریکران و چەند وەزارەتێکی نوێش پەسندکران.
عێراق16-10-2026دژەتیرۆری عێراق دەنگۆی دەستگیرکردنی خاوەنی زنجیرە چێشتخانەکانی (ڤایکینگ بەرگر) رەتدەکاتەوە