رووداو دیجیتاڵ پێشنوێژی هەینیی نەجەف رەخنە لە دروستکردنی سێ وەزارەت و پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران لە کابینەکەی عەلی زەیدی دەگرێ و بە "بارگرانی بۆ سەر دەوڵەت و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی" ناوی دەبات. رۆژی هەینی، سەدرەدین قەبانچی، پێشنوێژی هەینیی نەجەف لە گوتاری نوێژی هەینیدا رایگەیاند، دوای متمانەبەخشین بە بەشێکی زۆری وەزیرەکانی کابینەی حکومەت، تێبینی دەکرێ سێ وەزارەتی نوێ (ئابووریی دیجیتاڵی، گەشتوگوزار و وەزارەتی دەوڵەت) لەگەڵ چەند پۆستێکی جێگری سەرۆکوەزیران زیادکراون. قەبانچی دەڵێت: "لە کاتێکدا عێراق بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت و مەرجەعیەتی باڵاش بەردەوام هۆشداری لە بەفیڕۆنەدانی سامانی گشتی دەدات، هیچ پاساوێک بۆ زیادکردنی ئەم وەزارەت و پۆستانە نییە و ئەمە بارگرانییە بۆ سەر دارایی دەوڵەت." سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی عێراق، سەدرەدین قەبانچی رەخنە لە حکومەت دەگرێ بەوەی بەپەلە هێرشی سەر فڕۆکەخانەکانی سعودیەی سەرکۆنە کردووە، بەڵام بێدەنگە بەرامبەر بۆردوومانی بەردەوامی سەر حوسییەکان، غەززە، باشووری لوبنان و سووریا. قسەکانی پێشنوێژی هەینیی نەجەف دوای ئەوە دێن، رۆژی پێنجشەممە (15ی تشرینی یەکەمی 2026)، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی تایبەتدا دەنگی بە تەواوکردنی کابینەکەی عەلی فالح زەیدی دا، دوای ئەوەی بۆ ماوەی چوار مانگ 9 وەزارەت بە وەکالەت بەڕێوەدەبران و لە دانیشتنەکەدا ژمارەیەک کەس پۆستیان وەرگرت: - جێگرانی سەرۆکوەزیران: پەرلەمان متمانەی بە هەریەک لە (موحسین مەندەلاوی، لەیس خەزعەلی و محەممەد تەمیم) بەخشی. یەکێک لە تەوەرە هەستیارەکان متمانەدان بوو بە لەیس خەزعەلی بەهۆی ئەوەی پێشتر لە لیستی سزاکانی ئەمریکادا بوو، بەڵام رێککەوتنی سیاسی رێگەی بۆ خۆش کرد. بەربژێری چوارەم (فارس بریفکانی) دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا. - وەزیرە نوێیەکان: متمانە بە هەشت وەزیری سیادی و خزمەتگوزاری بەخشرا، لەوانە: یاسر مالیکی (ناوخۆ)، نایف شمەری (بەرگری)، رێباز حەملان (ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن)، قوتەیبە حەمید (پلاندانان) و حەیدەر حوسێنی (خوێندنی باڵا). - وەزارەتە نوێیەکان: سێ وەزارەت بە فەرمی زیاد کران: محەممەد دەراجی (ئابووریی دیجیتاڵی)، عەلی دەخیلی (گەشتوگوزار) و محەممەد سەمعان (وەزیری دەوڵەت). - بایکۆت و ناکۆکی: ژمارەیەک فراکسیۆن دانیشتنەکەیان بایکۆت کرد و زیادکردنی پۆست و وەزارەتەکانیان بە پێچەوانەی چاکسازی و بەفیڕۆدانی دارایی زانی. هەروەها بەهۆی ناکۆکییەکانەوە دەنگدان لەسەر وەزیری کۆچ و کۆچبەران دواخرا.
عێراق16-10-2026دژەتیرۆری عێراق دەنگۆی دەستگیرکردنی خاوەنی زنجیرە چێشتخانەکانی (ڤایکینگ بەرگر) رەتدەکاتەوە