رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسـیان راگەیاندووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای وەرگرتنی رەزامەندیی واشنتن، پێکهاتەی کابینەکەی بە دەستنیشانکردنی کەسایەتییەکی سزادراو لەلایەن ئەمریکاوە تەواو کردووە، ئەوەش لە پێناو بەرەوپێشبردنی هەوڵەکانی بۆ چەکداماڵینی گرووپەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق.
شەوی پێنجشەممە، لەیس خەزعەلی، سەرکردەیەک لە گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەقـ (کە لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە) وەک یەکێک لە جێگرەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەسندکرا.
رۆژی هەینی، 16ی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بۆ ئاژانسەکە ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا لە مانگی ئەیلوول بۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەمریکا و لە دیداریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ "رەزامەندییەکی ناڕاستەوخۆی ئەمریکای بەدەستهێنا" بۆ ئەوەی لەیس ببێتە جێگری.
بە گوتەی سەرچاوەکە، ئەمریکا دوای ئەوە رازی بووە بە بەشداریپێکردنی هەندێک لە گرووپەکانی لایەنگری ئێران لە حکومەت کە "سەرۆکوەزیران بەڵێنی دا لە پلانەکانی بۆ چەکداماڵین بەردەوام بێت و گەرەنتی ئەوەی دا کە ئەو گرووپانە هێرش ناکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق." واشنتنیش دەیەوێ یارمەتی زەیدی بدات "لە جێبەجێکردنی پلانەکانیدا."
لەیس خەزعەلی و قەیس خەزعەلی برای، لەلایەن واشنتنەوە وەک "تیرۆریستی جیهانی" پۆلێن کراون. هێزەکەیان لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا 27 کورسی بەدەستهێنا.
عەسائیب یەکێک لە یەکەمین لایەنەکان بوو کە پشتیوانی لە پلانی زەیدی کرد بۆ خستنەژێر رکێفی هەموو چەکەکان بۆ ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت و رایگەیاند، دەستی بە رادەستکردنی چەکەکانی خۆی کردووە.
دەستبەسەرکراوانی پێشوو
واشنتن هەردوو براکە تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هێزەکانی لە دوای "پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق" لە ساڵی 2003، لەنێویاندا هێرشەکەی ساڵی 2007 کە بووە هۆی بەدیلگرتن و کوژرانی پێنج سەربازی ئەمریکی.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی دیکە بە ئاژانسەکەی گوتووە، ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ زەیدی هەڵکرد بۆ تەواوکردنی کابینەکەی بە بەشداریی هەندێک لە لایەنەکان. یەکێک لەو لایەنانە کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای لایەنگری ئێرانە کە وەزارەتی گەشتوگوزاری بەدەستهێناوە. کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بەشێکن لە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە بەم دواییە بەرپرسیارێتیی ژمارەیەک هێرشیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئەستۆ گرت.
ئەمریکا پێشتریش چاوی لە بەشداریکردنی هەندێک لایەنی نێو لیستی رەش لە کابینەکانی عێراق پۆشیبوو، بەڵام ئەم گۆڕانکارییەی ئەمجارە دوای چەندین مانگ لە گوشاری چڕ لەسەر زەیدی هات بۆ چەکداماڵینی ئەو گرووپانەی لایەنگری ئێران کە بە هێرشکردن بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق تۆمەتبار دەکرێن، بەتایبەت دوای دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.
یەکێک لە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان گوتی: "دۆخەکە گۆڕاوە".
زەیدی لە سەرەتادا رۆژی 30ـی ئەیلوولی وەک وادەی کۆتایی بۆ رادەستکردنی چەکی گرووپەکان دیاریکرد کە هاوکات بوو لەگەڵ کاتی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق؛ دواتر بەهۆی بەردەوامیی دانوستاندنەکان وادەکەی درێژکردەوە و 30ـی حوزەیرانی داهاتووی وەک وادەیەکی نوێ دیاریکرد.
لە مانگی ئایاردا زەیدی بەشێک لە کابینەکەی راگەیاند، بەڵام پۆستەکانی دیکە بەهۆی دانوستاندنی لایەنە سیاسییەکان و داواکاریی هەندێک گرووپ بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا دواکەوتن.
تەواوکردنی کابینەکەی زەیدی
رۆژی پێنجشەممە (15ی تشرینی یەکەمی 2026)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ تەواوکردنی کابینەی وەزاریی پەسند کرد، ئەمە لە کاتێکدایە بۆ چەندین مانگ بەشێکی وەزارەتەکان بە وەکالەت بەڕێوەدەبران.
جێگرانی سەرۆکوەزیرانی عێراق
پەرلەمان متمانەی بە سێ کەسایەتی دا بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران:
- موحسین مەندەلاوی
- لەیس خەزعەلی
- محەممەد تەمیم
هاوکات، فارس بریفکانی، بەربژێری چوارەمی جێگری سەرۆکوەزیران، نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێ و دواخرا.
بەپێی دەنگدانی پەرلەمان، ئەم کەسانە وەک وەزیری وەزارەتە خزمەتگوزاری و سیادییەکان دیاریکران:
- وەزارەتی ناوخۆ: یاسر مالیکی
- وەزارەتی بەرگری: نایف شمەری
- وەزارەتی پلاندانان: قوتەیبە حەمید
- وەزارەتی خوێندنی باڵا: حەیدەر حوسێنی
- وەزارەتی رۆشنبیری: یاسین عیساوی
- وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن: رێباز حەملان
- وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: محەممەد مووسەوی
- وەزارەتی لاوان و وەرزش: سەفا کینانی
لە کۆبوونەوەکەدا سێ وەزارەتی نوێ پەسند کران و وەزیرەکانیان دەستبەکاربوون، محەممەد دەراجی، وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی؛ عەلی دەخیلی، وەزارەتی گەشتوگوزار و هەروەها محەممەد سەمعان، وەزیری دەوڵەت.
سەرەرای تێپەڕبوونی کابینەکە، بەڵام ژمارەیەک فراکسیۆنی سیاسی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد. ئەوان پێیان وابوو زیادکردنی وەزارەت و پۆستی نوێ بارگرانیی داراییە و لەگەڵ پلانی چاکسازیی ئابووریی وڵات ناگونجێت.
بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە نێو پەرلەمانی عێراق بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان، دەنگدان لەسەر وەزیری کۆچ و کۆچبەران بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.



