رووداو دیجیتاڵ
دەستەی
ئامار و سیستمی زانیارییە جوگرافییەکانی عێراق لینکی ئەلیکترۆنیی پڕۆژەی "سەرژمێریی
رەوەندی عێراقی لە دەرەوە" راگەیاند. سەرۆکی دەستەکە دەڵێت، ئامانج لە پڕۆژەکە
دروستکردنی بنکەیەکی زانیاریی گشتگیر و پتەوکردنی پردی پەیوەندییە لەگەڵ لێهاتووییەکانی
عێراق لە تاراوگە.
دەستەی
ئامار و سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا
داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان، خێزانەکان، فیدراسیۆن و کۆمەڵە عێراقییەکانی دەرەوەی
وڵات کرد بە شێوەیەکی کارا بەشداری لە سەرخستنی پڕۆژەی سەرژمێریی رەوەندی عێراقی لە
دەرەوەدا بکەن و لە رێگەی پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی تایبەت بە پڕۆژەکە زانیارییەکانیان
تۆمار بکەن.
رۆژی هەینی،
16ی تشرینی یەکەمی 2026، زیا عەواد کازم، سەرۆکی دەستەی ئاماری عێراق لەبارەی گرنگیی
پڕۆژەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامانج لەم هەنگاوە دروستکردنی
داتابەیسێکی گشتگیر و وردە لەسەر سەرجەم هاووڵاتییانی عێراقی کە لە وڵاتانی جیاوازی
جیهاندا نیشتەجێن."
سەرۆکی دەستەی
ئاماری عێراق گوتیشی: "ئەم پڕۆژە نیشتمانییە لە چوارچێوەی پرۆسەی وەرچەرخانی
دیجیتاڵیی گشتگیردایە کە دەستەکەمان رابەرایەتی دەکات، بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە
پلانەکانی دەوڵەت و داڕشتنی سیاسەتی گشتی، هاوکات بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە لەگەڵ لێهاتوویی
و وزە و تواناکانی عێراق لە تاراوگە، لەگەڵ پێشکێشکردنی پاڵپشتی و خزمەتگوزاریی گەشەپێدان
پێیان."
بەگوتەی
زیا عەواد، هاووڵاتییانی عێراقی لە هەر شوێنێکی دەرەوەی وڵات بن دەتوانن خۆیان تۆمار
بکەن و "سەرجەم هاووڵاتییانی دەرەوە دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی."
دەستەی
ئاماری عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی بەستەری تایبەتی
(https://idc.ihsa.gov.iq) کە لە چەند رۆژی داهاتوودا کارا دەکرێت، یان
لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی دەستەکەوە زانیارییەکانیان تۆمار بکەن.
دەستەکە
دڵنیایی دەداتە سەرجەم هاووڵاتییانی تاراوگە کە نهێنی و تایبەتمەندیی زانیارییە تۆمارکراوەکان
بە تەواوی پارێزراو دەبێت و بەپێی یاسا و رێسا ئامارییە کارپێکراوەکان مامەڵەیان لەگەڵدا
دەکرێت.


