رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ، تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ میوانداریکردنی گەڕی 52ی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی (رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی) لە بەغدا کۆتاییان هاتووە و بڕیارە ئەمڕۆ شەممە و سبەی یەکشەممە (17 و 18ی تشرینی یەکەم) شاندی 55 وڵات و رێکخراو لەو چوارچێوەیەدا لە بەغدا کۆببنەوە.
حەسەنێن کامل، گوتەبێژی گەڕی 52ی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوەکە رایگەیاند: "لیژنە حکومییەکان هەموو پێداویستییەکانی میوانداریکردنی شاندەکانیان تەواو کردووە و پلانێکی تۆکمە بۆ پێشوازی، گواستنەوە و تەرخانکردنی شوێنی میوانەکان دانراوە".
کۆبوونەوەکانی ئەم گەڕە لەژێر دروشمی "دیالۆگ و هاوپشتی دوو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام" بەڕێوەدەچن.
جگە لە وەزیرانی 55 وڵات، ئەمینە محەممەد، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری 40 رێکخراوی ناحکومی بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا دەکەن.
گوتەبێژی کۆنفرانسەکە رایگەیاند: "لە پەراوێزی لووتکەکەدا چەندین گەشتی مەیدانی بۆ شاندەکان رێکدەخرێ تاوەکو ناوچە مێژوویی و ئاینییەکانی بەغدا ببینن، وەک کازمییە و ئەعزەمییە، تاوەکو ئاشنای میراتی شارستانیی پایتەختی عێراق بن".
هەروەها سەنتەرێکی میدیایی گەورە لە هۆتێل (قەلبولعالم) کراوەتەوە بۆ کارئاسانیی رۆژنامەڤانان.
بە گوتەی حەسەنێن کامل، عێراق دەیەوێ ئەم لووتکەیە بکاتە دەرفەتێک بۆ نیشاندانی کرانەوەی خۆی بە رووی جیهانی ئیسلامیدا و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام.



