رووداو دیجیتاڵ
ئاسمانی شاری بەغدا بەپێی ماڵپەڕی ئای کیو ئێیەری سویسری، سێیەم پیسترین هەوای لەسەر ئاستی جیهاندا هەیە؛ لەم چوارچێوەیەشدا ئاژانسی چاودێریی کەشناسیی یەکێتیی ئەورووپا و رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە رێگەی رووداوەوە هۆشداری لە پیستربوونی هەوای عێراق و جیهان دەدات.
رۆژی پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی چاودێری کەشناسیی یەکێتیی ئەورووپا و رێکخراوی تەندروستی جیهانی وێبناریکیان سەبارەت بە زیادبوونی گازی ئۆزۆن و پیسبوونی هەوای جیهان، لەنێویاندا عێراق رێکخست. نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتی لە بەشی ئینتەیکی رووداو بەشداریکرد.
لاورێنس رۆول، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی چاودێریی بەرگەهەوا لە ئاژانسی چاودێریی کەشناسیی یەکێتیی ئەورووپا لە وەڵامی پرسیاری رووداو سەبارەت بە پیسبوونی هەوای عێراق رایگەیاند، "ناتوانین بە دیاریکراوی بزانین ئەم ساڵ یان 10 ساڵی داهاتوو چی روودەدات، بەڵام بە دڵنیاییەوە پیسی هەوا بەهۆی کاریگەرییەکانی دەردانی گازی گەرمکەر، گۆڕانی کەشوهەوا و چالاکییەکانی مرۆڤەوەیە. بۆیە هەڕەشەکە لەسەر جیهان جیدییە و ناوچەکەتان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دیاریکراوی لە پێشەوەی مەترسییەکانە."
یەکێک لە نیگەرانییە دیارەکان پیسبوونی هەوایە بە گازی ئۆزۆن. بە گوێرەی ئاژانسەکە، لە عێراقدا 110 مایکرۆگرام لەو گازە لە هەر مەتر سێجایەکدا هەیە، بەمەش عێراق لە ئاستی خراپترین لە جیهاندا دانراوە، هەروەها هاوشانی عێراق، وڵاتانی کەنداو، هیندستان و چین لەو وڵاتانەن کە زۆرترین ئاستی گازەکەیان تێدا تۆمارکراوە.
سەبارەت بە لێکەوتە تەندروستییەکانی ئەم گازەش، دۆرۆتا جارۆسینسکا، بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە رووداوی راگەیاند: "چڕی گازەکە لەنێو گازە پیسەکان و تەنۆلکە پیسەکانی جیهاندا لە وڵاتان لە زیادبووندایە. ئەمەش مەترسی زیادبوونی گیانلەدەستدان بەهۆی پیسی هەواوە زیاد دەکات."
بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پیسبوونی هەوا ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی حەوت ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا.



