رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی تەقینەوەی کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنی لەنێو بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە رۆژهەڵاتی بەغدا، پێنج ئەندامی دەستەکە بریندار بوون. دەستەی حەشدی شەعبیش کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە راگەیاند.
رووداوەکە لەنێو بارەگایەکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی حەشدی شەعبی لە سنووری ناوچەی سەبعە ئەبکار و سلێخ لە رۆژهەڵاتی بەغدا روویداوە. زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لە شوێنی رووداوەکە گوتی: "تەقینەوەکە دەنگێکی زۆر بەهێزی هەبووە و بەهۆیەوە کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنی لەنێو بارەگاکەدا گڕیگرتووە و تەقیوەتەوە، رووداوەکەش بووەتە هۆی داڕمانی بارەگاکە."
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، دەستبەجێ ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنەکە و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانەکانی نزیک لە ناوچەکە، لەوانە کۆمەڵگەی پزیشکیی (مەدینە توب) گواستووەتەوە. هەروەها هێزە ئەمنییەکان، پۆلیس و پۆلیسی فریاکەوتن دەوری شوێنەکەیان داوە و ناوچەکەیان گەمارۆداوە تاوەکو رێگری لە نزیکبوونەوەی هاووڵاتییان و قەرەباڵخی بکەن.
حەشدی شەعبی: پێنج کەس بە سووکی بریندار بوون
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە تیمەکانیان توانیویانە بە تەواوی کۆنترۆڵی ئەو ئاگرە بکەن کە بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەکی تەقەمەنیی لەکارکەوتوو لە بارەگایەکیان لە رۆژهەڵاتی قەنات کەوتبووەوە.
دەستەی حەشدی شەعبی پشتڕاستیکردەوە کە ئاماری کۆتایی رووداوەکە برینداربوونی پێنج کارمەندی هێزەکەیانە بە برینی سووک و هیچ گیانلەدەستدانێک تۆمار نەکراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لیژنەی تایبەتمەند دەستیان بە رێکارەکان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی رووداوەکە و دیاریکردنی هۆکارەکانی.
هەروەها شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی داوە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و ئاشکراکردنی بۆ رای گشتی.

