رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سەلاحەدین، کارکردن لە پێنج پڕۆژەی وەبەرهێناندا راگیراوە و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکە و خاوەنی پڕۆژەکانیش دەستگیرکراون، ئەمەش دوای ئەوەی 20 وەبەرهێنەر سکاڵایان لەسەر گەندەڵی و دەستێوەردان لە کارەکانیان تۆمار کرد.
یەکێک لەو وەبەرهێنەرانەی کە پڕۆژەکەی لێسەندراوەتەوە دەڵێ، پڕۆژەکەی بە براژنی پارێزگاری پێشووی سەلاحەدین دراوە.
وسامە ساڵح، یەکێکە لە وەبەرهێنەرەکان و دەڵێ، "تووشی سەرسوڕمان بووین کە زانیمان مۆڵەتی وەبەرهێنانی پڕۆژەکەمان بە کەسێکی دیکە دراوە، ئەو مۆڵەتە بە کەسێک دراوە کە هیچ مامەڵەیەکی پێشکێش نەکردووە و هەموو رەزامەندییەکانیش ئێمە وەرمانگرتووە".
بە گوتەی وەبەرهێنەرێکی دیکە، چەندین پڕۆژە لە خاوەنەکانیان سەندراونەتەوە و دراون بە کەسانی نزیکی بەرپرسان.
عوسمان کەریم، وەبەرهێنەرێکی دیکەیە و دەڵێ، "زیاتر لە چوار پڕۆژە وەستاون و دەستێوەردانیان تێدا کراوە و لە خاوەنەکانیان سەندراونەتەوە. پڕۆژە هەبووە کە وەبەرهێنەرەکانی دیکە نەیانوێراوە وەریبگرن، چونکە لە تکریت ماڵ و سەروەتت دەڕوات و بەدەستی خاڵی دەگەڕێیتەوە".
جگە لەو پێنج پڕۆژەیە، 10 پڕۆژەی دیکەی وەبەرهێنان لە بوارەکانی نیشتەجێبوون، تەندروستی و بازرگانی سکاڵایان لەسەرە، ئەمەش بووەتە هۆی راگرتنی جووڵەی وەبەرهێنان لە پارێزگاکە.
تارا جەلال، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین دەڵێت، "خەڵک هەیە پڕۆژەی لێسەندراوەتەوە و پڕۆژەکەی بە کەسانی دیکە فرۆشراوەتەوە، ئەمەش وایکردووە وەبەرهێنەران دەست لەکارەکانیان بکێشنەوە. کارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی سەلاحەدین زیاتر لە هەفتەیەکە راگیراوە".
لەبەرامبەردا، دەستەی گشتیی وەبەرهێنانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر پڕۆژەکانی سەلاحەدین پێکهێناوە و رایگەیاندووە، پێداچوونەوە بە هەموو ئەو مۆڵەتانەدا دەکات کە بۆ وەبەرهێنان لە پارێزگاکە دەرچوون.
