رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق، سیستمێکی ئەلیکترۆنی بۆ گۆڕینەوەی دراوە تێکچووەکان کارا کرد. ئامانج لێی ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتییان تاوەکو بە زووترین کات و دوور لە رۆتین پارە کۆن و دڕاوەکانیان بگۆڕنەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی2026، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی گۆڕانکاریی دیجیتاڵ و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان دێت. لەرێگەی ئەم سیستمەوە، هاووڵاتییان دەتوانن داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن".
چۆنییەتی بەکارهێنانی سیستمەکە؟
بەپێی راگەیێندراوەکە، هاووڵاتییان دەتوانن لەرێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی (ئوور) و بەکارهێنانی ئەم لینکە (https://currency.app.cbi.iq) زانیارییە پێویستەکان تۆماربکەن.
دوای ناردنی داواکارییەکە، لایەنە تایبەتەکان لە بانکی ناوەندی وردبینی لە زانیارییەکان دەکەن و رێکارەکان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی گۆڕینەوەکە دەستپێدەکەن.
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت: "ئەم سیستمە دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی کات و ماندووبوونی هاووڵاتییان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە داراییەکان لە وڵات".
ئەگەر پارەکە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە یان رووداوێکی دیاریکراوەوە تێکچووبێت، دەبێت هاووڵاتییەکە پشتگیریی بنکەی پۆلیس یان لایەنێکی دادوەری پێشکەش بکات تاوەکو بیسەلمێنێت کە رووداوەکە چۆن روویداوە.
مەرجەکان بە گوێرەی بڕی پارەکە دەگۆڕدرێن
- لە 10 ملیۆن تاوەکو 25 ملیۆن دینار: دەبێت سەرچاوەی پارەکە دیار بێت. ئەگەر کەسەکە فەرمانبەر بێت، دەبێت لیستی مووچەکەی هاوپێچ بکات و خزمەتی لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت. ئەوانەیش فەرمانبەر نین، دەبێت بەڵگەیەک پێشکێش بکەن کە داهاتەکەیان لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەدا بگونجێت.
- سەرووی 25 ملیۆن دینار: دەبێت بەڵگەنامەی خاوەندارێتیی خانووبەرە، پشک، بەڵگەی فەرمی وەک گرێبەستی بازرگانی و بەڵێندەرایەتی پێشکێش بکرێت کە رەوایەتی بەو بڕە پارەیە بدات.
ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق گومانی لە راستیی بەڵگەنامەکان هەبێت یان لەگەڵ بڕی پارەکەدا نەگونجێن، خاوەن داواکارییەکە رەوانەی فەرمانگەی یاسایی دەکرێ بۆ ئەوەی (بەڵێننامەیەکی نووسراو) واژۆ بکات و تەواوی بەرپرسیارێتیی یاسایی هەڵبگرێت کە پارەکە بە شێوەیەکی یاسایی بەدەستهاتووە و پەیوەندیی بە هیچ تاوانێکەوە نییە.
باجی گۆڕینەوەی پارە تێکچووەکان چەندە؟
بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری داوە 10٪ی بڕی ئەو پارانەی تێکچوون وەک باج وەربگرێ، ئەگەر تێکچوونەکە بەهۆی "خراپ بەکارهێنان"ەوە بێت (وەک شاردنەوە لە ژێر زەوی، سووتان یان هەر هۆکارێکی هاوشێوە). بەڵام ئەو پارانەی بەهۆی مامەڵەی رۆژانەی بازاڕەوە کۆن بوون و دڕاون، بەبێ هیچ بڕینێک دەگۆڕدرێنەوە.
لە دۆخێکدا ئەگەر پارەکە ئەوەندە تێکچووبوو کە نەتوانرێت بژمێردرێ، لیژنەیەکی پسپۆڕ پێکه دەهێندرێ و لە 15 رۆژدا بڕیار لەسەر بەهاکەی دەدات.


.jpg&w=3840&q=75)