رووداو دیجیتاڵ
بانگەوازەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق دوای 21 ساڵ بەسەر پەسندکردنیدا، گفتوگۆیەکی گەرمی سیاسی لێکەوتووەتەوە؛ لە کاتێکدا پەرلەمانتارانی عەرەب پشتیوانی لە هەنگاوەکە دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە "سێیەکی پەکخەر" و کێشەی "فراکسیۆنی زۆرینە"، پەرلەمانتارانی کورد جەخت دەکەنەوە بەبێ رەزامەندیی خەڵکی کوردستان هیچ هەموارێک تێناپەڕێت و هۆشداریش لە مەترسیی گەڕانەوەی "ناوەندی" دەدەن.
لە 21ـەمین ساڵیادی گشتپرسیی دەستووری عێراق (2005)، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، ئەزموونی زیاتر لە دوو دەیە ئاشکرای کردووە کە دەستوور لە هەلومەرجێکی راگوزەری هەستیاردا داڕێژراوە و لە جێبەجێکردن و تەفسیرکردنیدا کێشەی گەورەی دروستکردووە، بەتایبەت لە پرسی رێژەی یاسایی دوو لەسەر سێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دیاریکردنی "فراکسیۆنی زۆرینە"، داواشی لە پەرلەمان کرد بەرپرسیارێتیی مێژوویی لە ئەستۆ بگرێت و دەستوور هەموار بکاتەوە.
ڤیتۆی سێ پارێزگا؛ چەکی کورد
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد هەندێک دەقی دەستووری دژبەیەکن و پێویستیان بە تەفسیری ورد هەیە و بە رووداوی گوت: "بۆچوونەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هێشتا وەک پێشنیاز یان پڕۆژەیاسا نەگەیشتووەتە پەرلەمان."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە دووری دەزانێت بەبێ رەزامەندیی کورد دەستوور هەموار بکرێتەوە و دەڵێت: "بۆ هەر پێکهاتەیەک و بەتایبەت بۆ پرسی کورد، بەبێ هەبوونی رێککەوتنی سیاسی و کۆدەنگی، هیچ هەموارێک سەرناگرێت. خودی دەستوور رێگریی لەوە کردووە و مەرجی گشتپرسیی داناوە، بۆیە بەبێ رەزامەندیی خەڵکی کوردستان هیچ شتێک ناکرێت."
هاوکات سەلوان ئاکرەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، هێشتا هیچ گفتوگۆیەکی جیدی لەسەر ئەم پرسە نەکراوە، بەڵام پێشبینی ناکات لایەنی کوردی بە ئاسانی رازی بێت: "لەم بارودۆخەی ئێستادا دەستکاریکردنی دەستوور زۆر زەحمەتە و کاتەکەشی گونجاو نییە. خودی دەستوور دیاری کردووە ئەگەر دوو لەسەر سێی دانیشتووانی سێ پارێزگا رەتی بکەنەوە، هەموارەکە تێناپەڕێت."
لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە، موراد ئیسماعیل، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، دەستوور بە کاتێکی کەم نووسراوەتەوە و هەموارکردنەوەی گرنگە، بەڵام دۆخی ئێستای وڵات نادیارە بۆ ئەم هەنگاوە: "چەندین مادەی دەستووری هەن کە هەر لە سەرەتاوە کارا نەکراون، وەک مادەی 125 تایبەت بە مافی کارگێڕیی پێکهاتەکان و مادەی 140 لەبارەی ناوچە کێشەلەسەرەکان و شنگال کە بەسەرچوون."
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە ئێزدییە، سیستمی سیاسیی عێراق دیموکراسییەکی "شێواو و کەموکوڕییە". دەشڵێت، "لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران راستەوخۆ لەلایەن خودی خەڵکەوە بێت نەک لە پەرلەمانەوە، چونکە ئێستا هاووڵاتی دەنگ دەدات بەڵام کەسانێک دەکرێنە سەرکردە کە خەڵک ناویان نازانێت."
پەرلەمانتارانی عەرەب: دەرفەتێکی مێژووییە بۆ رزگاربوون لە بنبەست
لە بەرامبەردا، پەرلەمانتارانی لایەنە عەرەبییەکان پێشوازیی لە پەیامەکەی فایەق زێدان دەکەن. شاکر تەمیمی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی بەدر باسی لەوە کرد کە کاتی هەموارکردن هاتووە و بە رووداوی گوت: "لە هەموو خولێکی هەڵبژاردندا کێشەی دیاریکردنی فراکسیۆنی زۆرینە دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران پشێوی دەنێتەوە، لەگەڵ کێشەکانی بازنەی هەڵبژاردن. بانگەوازەکەی دادوەر زێدان لە کاتی خۆیدایە بۆ پاراستنی سیستمی سیاسی."
هەروەها بورهان مەعمووری، پەرلەمانتاری عێراق سەرۆکی هاوپەیمانیی سائیرون بە رووداوی راگەیاند، "مادەی 76 (فراکسیۆنی زۆرینە)، مادەی 70 (هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و رێژەی یاسایی)، مادەی 65 (ئەنجوومەنی فیدراڵی)، مادەی 112 (نەوت و گاز) و مادەکانی 105، 106 و 107 تایبەت بە بەشداریی دادپەروەرانە لە دامەزراوەکان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات پێویستیان بە هەموارکردنەوەیە."
هاوکات، ناسر تورکی عەوادی، پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پاڵپشتیی خۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد : "دادوەر فایەق زێدان پیاوی ژمارە یەکی تایبەتمەندی دەستوور و یاساکانی عێراقە و داواکارییەکەی بەرژەوەندیی گەورەی بۆ پاراستنی دەوڵەت تێدایە."
دەستووری هەمیشەیی عێراق کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2005 لە گشتپرسییەکدا پەسندکرا، بەپێی مادەی (142)ی خودی دەستوور، هەر هەموارێک پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان و دواتر گشتپرسیی گشتی هەیە، بە مەرجێک "ئەگەر دوو لەسەر سێی دەنگدەران لە سێ پارێزگا یان زیاتر رەتی بکەنەوە، هەموارەکە بە هەڵوەشاوە ئەژمار دەکرێت."
.jpg&w=3840&q=75)

