رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا، لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەوە و رایگەیاند، عێراق هەمیشە داوای دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە دەکات.
رۆژی یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەراوێزی 52ـەمین خولی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی (OIC) کە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تاران، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و رێگەکانی بەدیهێنانی ئاشتی کرا. فوئاد حوسێن هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی دووپاتکردەوە لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ قەیرانەکان لە رێگەی دیالۆگ و رێکارە دیپلۆماسییەکانەوە.
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی پیرۆزبایی لە عێراق کرد بەبۆنەی وەرگرتنی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوەکە و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئەرکەکانی بەغدا دووپاتکردەوە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی کاراکردنی رۆڵی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە رووبەڕووبوونەوەی ئانگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا.
لە پەراوێزی هەمان کۆبوونەوەدا، فوئاد حوسێن پێشوازیی لە ڤارسین ئاغابیکیان شاهین، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی دەوڵەتی فەلەستین کرد.
لە دیدارەکەدا، وەزیری دەرەوەی فەلەستین پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆبوونەوەکانی لە عێراق کرد، فوئاد حوسێنیش جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی بەغدا لە پشتیوانیکردن لە پرسی فەلەستین و مافە رەواکانی گەلی فەلەستین کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، هەردوولا باسیان لە دۆخی فەلەستینییەکانی نیشتەجێی عێراق و کێشە یاساییەکانیان کرد و رێکارەکانی یەکلاییکردنەوەی دۆخی یاسایی ئەوانەیان لە چوارچێوەی یاسا پەسندکراوەکاندا تاوتوێ کرد.


.jpg&w=3840&q=75)