رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر داوا دەکات لە قوتابخانە و زانکۆکانی عێراقدا گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی رێکبخرێت دژی بڕیارەکانی قەدەخەکردنی حیجاب لە هەندێک وڵاتی جیهاندا.
رۆژی یەکشەممە 18-10-2026، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامێکدا رایگەیاند، لە رووی ئایینی، بیروباوەڕ و مرۆییەوە بە پێویستی دەزانێت گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی یەکگرتوو لە سەرجەم قوتابخانە و زانکۆ حکومی، ئەهلی، کچان و تێکەڵاوەکانی عێراق بەڕێوەبچێت.
سەدر ئاماژەی بەوە کردووە کە ناڕەزایەتییەکە دژی بڕیارەکانی قەدەخەکردنی حیجابە لە هەندێک لە وڵاتانی جیهان و هاوکات بۆ پشتیوانیکردنە لە ئازادیی پۆشین.
بەپێی پەیامەکەی رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، گردبوونەوەکە بەیانیی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە یەک کاتدا دەبێت، بە مەرجێک رێکخراو و ئاشتییانە بێت، بۆ چەند خولەکێک بخایەنێت و کار نەکاتە سەر پرۆگرامی خوێندنی قوتابیان و خوێندکاران.
موقتەدا سەدر دەڵێت، بەرزکردنەوەی هەر وێنە و ئاڵایەک جگە لە ئاڵای عێراق بە تەواوی قەدەخەیە.
لە مانگی ئەیلوولدا، ئازەربایجان رێکارەکانی تایبەت بە یەکپۆشیی لە قوتابخانە حکومییەکاندا هەموار کردەوە و پۆشینی هەر جلوبەرگێکی قەدەخە کرد کە پێچەوانەی جلوبەرگی دیاریکراو یان بنەما سیکۆلارەکانی پەروەردە بێت، بێ ئەوەی بە ئاشکرا ناوی "حیجاب" بهێندرێت.
رۆژی دووشەممەی رابردوو قوتابیان لە دەرەوەی قوتابخانەکانی ئازەربایجان خۆپیشاندانیان کردووە و بایکۆتی وانەکانی خوێندنیان کردووە، وەک پشتگیرییەک بۆ ئەو کچانەی بە گوتەی خۆیان، رێگەیان پێ نەدراوە بە باڵاپۆشییەوە بچنە ناو پۆلەکانیانەوە.
لای خۆیەوە، وەزارەتی ناوخۆ بە بڵاویکردەوە، ژمارەیەک کەس لە باکۆی پایتەخت رووبەڕووی کارمەندانی قوتابخانەکان بوونەتەوە لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە یەکپۆشی و و هەوڵیان داوە پرۆسەی خوێندن پەکخەن.
وەزارەتەکە گوتی: "37 کەس دەستگیر کراون و دۆسێیەکی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری تایبەت بە تێکدانی ئارامیی گشتی کراوەتەوە."
ئازەربایجانی دەوڵەمەند بە نەوت، وڵاتێکە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمانی شیعەن، بەڵام بووەتە یەکێک لە سیکۆلارترین وڵاتانی جیهانی ئیسلامی.

.jpeg&w=3840&q=75)