رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای شەرگات-ی سنووری پارێزگاری سەلاحەدین ئاگر لە ماڵێکدا کەوتەوە و بەرگری شارستانی دەڵێت، ژنێک گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18-10-2026، لە گوندی شەکرا کە دەکەوێتە سنووری قەزای شەرگات لە پارێزگای سەلاحەدین، ئاگرێک لەماڵێکدا کەوتەوە.
نوئاس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی بەرگریی شارستانی، دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردوە و تەرمی ژنێکیان لەنێو ماڵێکەدا دەرهێناوە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە، تەرمی ژنەکە بەپێی رێکارە یاساییەکان رادەستی بنکەی پۆلیسی "بەعاجە" کراوە، بە مەبەستی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و زانینی هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە.
بەگوێرەی بەرگری شارستانیی عێراق، لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بەراورد بە پار، رێژەی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق 85% کەمیکردووە. لە ساڵی 2025دا نزیکەی پێنج هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمارکراون، لە ساڵی 2023دا ژمارەکە گەیشتبووە زیاتر لە 32 هەزار رووداو.

.jpeg&w=3840&q=75)
