رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەبارەی پێویستیی هەموارکردنەوەی دەستوور دەداتەوە و دەڵێ، قسەکانی دادوەر فایەق زێدان هیچ پابەندییەکی یاسایی دروست ناکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەموارکردنەوەی دەستوور لە سایەی دۆخی سیاسیی ئێستادا "ئەستەمە و ناچێتە سەر".
رۆژی دووشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2026، دادوەر وائیل عەبدوللـەتیف، ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری ساڵی 2005، لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی دادوەر فایەق زێدان بۆ دەستکاریکردنی هەندێک لە بڕگەکانی دەستوور (وەک فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لێدوان و داواکارییەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەم پرسەدا هیچ پابەندییەکی یاسایی یان کاریگەرییەکی بەسەر پرۆسەکەوە نییە، چونکە هەموارکردنەوە لە بنەڕەتدا کاری پەرلەمانە نەوەک سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری".
دادوەر وائیل عەبدوللـەتیف ئاشکرای کرد کە لەگەڵ هومام حەموودی، سەرۆکی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری ساڵی 2005 کۆبووەتەوە و لەبارەی ئەم پرسە گفتوگۆیان کردووە و حەموودی پێی راگەیاندووە: "هەموارکردنەوە لەم دۆخەدا ناچێتە سەر، چونکە لە رابردوویشدا چەندین لیژنە بۆ پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی دەستوور پێکهێنران، بەڵام سەرجەمیان شکستیان هێنا."
ئەو ئەندامەی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور ئاماژەی بە ئاڵۆزیی رێکارە دەستوورییەکان کرد و گوتی: "پێویستە سەرەتا پەرلەمان خۆی لیژنەیەک پێکبێنێت. لیژنەکە گۆڕانکارییەکان ئامادە بکات، دواتر بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پەسند بکرێ، لە کۆتاییشدا بخرێتە گشتپرسییەوە تاوەکو گەل بڕیاری کۆتایی بدات، ئەمەش لەژێر سایەی ئەم هەلومەرجە سیاسییە ئاڵۆزەدا زۆر ئەستەمە جێبەجێ ببێت".
وائیل عەبدوللـەتیف راشیگەیاند، پێشتریش چەندین سەرکردە و لایەنی سیاسی هەوڵی جیدییان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور داوە، بەڵام هیچکام لەو هەوڵانە لەبەر "دۆخەکە و ناکۆکییەکان سەریان نەگرتووە."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا دەستوور کەموکوڕیی گەورەی تێدایە تاوەکو لەم کاتە هەستیارەدا مەترسیی هەموارکردنەوەی لەئەستۆ بگیرێ، ئەو ئەندامەی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور گوتی: "پرسەکە زۆر زەحمەتە، تەنانەت ئەگەر ئێستا پەرلەمان لیژنەیەکیش پێکبهێنێت، کاتێکی زۆری دەوێ تاوەکو بتوانن لە پێشەکیی دەستوورەوە تاکو مادەی 144 بە دەقەکاندا بچنەوە. بۆیە پێم وانییە لەم دۆخە هەستیار و ئاڵۆزەدا هەوڵێکی لەو شێوەیە هیچ ئەنجامێکی هەبێت".
لە 21ـەمین ساڵیادی گشتپرسیی دەستووری عێراق (2005)، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، ئەزموونی زیاتر لە دوو دەیە ئاشکرای کردووە کە دەستوور لە هەلومەرجێکی راگوزەری هەستیاردا داڕێژراوە و لە جێبەجێکردن و لێکدانەوەیدا کێشەی گەورەی دروستکردووە، بەتایبەت لە پرسی رێژەی یاسایی دوو لەسەر سێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دیاریکردنی "فراکسیۆنی زۆرینە"، داوایشی لە پەرلەمان کرد بەرپرسیارێتیی مێژوویی لە ئەستۆ بگرێت و دەستوور هەموار بکاتەوە.
دەستووری هەمیشەیی عێراق کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2005 لە گشتپرسییەکدا پەسندکرا، بەپێی مادەی (142)ی دەستوور، هەر هەموارێک پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان و دواتر گشتپرسییە، بە مەرجێک "ئەگەر دوو لەسەر سێی دەنگدەران لە سێ پارێزگا یان زیاتر رەتی بکەنەوە، هەموارەکە بە هەڵوەشاوە ئەژمار دەکرێت."


