رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، بڕیارە گوژمەیەکی دۆلار لە ئەمریکاوە بگات. بە گوتەی سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراقیش تاوەکو 25 ئەم مانگە پارەکە دەگات.
موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەبێ ئەوەی کاتی گەیشتنی دۆلارەکە لە ئەمریکاوە دیاری بکات، ئەمڕۆ دووشەممە ( 19ی تشرینی یەکەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە بڕە پارەیەکی کاش بە دۆلار بگات".
موزهر محەممەد ساڵح گوتی، بەشێکی ئەو پارەیە بۆ مامەڵەی گەشتیاران دەبێ و هەر گەشتیارێک لە دوو مانگدا 2000 دۆلاری پێدەدرێ و "پرۆسەکەش لە رێگەی پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵیی پابەند بە رێنماییەکانەوە وردبینی بۆ دەکرێ".
هەروەها زیائـ تائی، سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە تاوەکو 25 مانگ، نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە پارەی فرۆشی نەوت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بگات، کە دەکاتە 1تریلیۆن و 520 ملیار دینار.
بەگوتەی سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، ناردنی ئەو پارەیە کاریگەری لەسەر بەهای دینار دەبێت و بەهای 100 دۆلار بۆ نزیکەی 165 هەزار دینار دادەبەزێنێت.
ئێوارەی یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026، عودەی عەواد، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، مانگی رابردوو ئەمریکا 500 ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق نارد.


